ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
دروستكردنی گۆڕستان و مۆنیومێنتێك لە سۆڵاغ، شنگال، بە شێوەیەكی فەرمی دەستی پێ كرد. پرۆژەكە لە سالی ٢٠٢١ و لەسەر داواكاریی كۆمەلگەی ئێزدی بە دەستپێشخەریی نادیە ڕاگەیەنرا. دەستپێشخەریی نادیە ماوەی دوو ساڵە خەریكی دیزاینكردنی گۆڕستان و مۆنیومێنتەكەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵگەكە و ئەندازیارێكی ئێزدی. ئەم حەفتەیە، پرۆسەی دروستكردن بە فەرمی و بە پاڵپشتیی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە عێراق و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی حكوومەتی ویلایەتە یەكگرووەكانی ئەمەریكا، دەستی پێ كرد.
“ماتەمینی بەشێكە لە پرۆسەی ساڕێژبوون،” نادیە مراد، دامەزرێنەر و سەرۆكی دەستپێشخەریی نادیە وای گوت، “هەبوونی شوێنێك بۆ ئەوەی بەیەكەوە ماتەمینی بكەین و یادی ماڵبات و دۆست و دراوسێكانمان بكەینەوە بۆ ڕزگاربووان گرینگە، بە تایبەتی ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ شنگال. هەروەها مەبەستێكی پەروەردەییش دەپێكێت؛ ئەویش وەبیرهێنانەوەی جیهانە كە كۆمەڵگەكەمان چیی چەشتووە و چۆن دەبێت بەردەوام كار لەسەر ئەوە بكەین كە ئەم نەهامەتییانە دووبارە نەبنەوە.”
“كاتێك كۆمەڵگەیەك ئەم هەموو زەبر و وێرانكارییەی بینیوە، یادی ڕابردوو و ڕێزگرتن لە خۆشەویستان كە لە دەستمان داون كۆڵەگەی سەرەكیی هەوڵەوكانمان بۆ پاڵپشتیكردنی ڕزگاربووان لەگەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان” بەرپرسی نێردەی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ لە عێراق، گیۆرگی گیگاوری، وای گوت.
ئەم بەرپرسە گوتیشی: “ئێمە دەمانەوێ ئەمە بە جێ بگەیەنین – مۆنیومێنتێك دروست بكەین كە لەلایەن كۆمەڵگەكە و بۆ كۆمەڵگەكە بێت، كە هەروەها تەبا بێت لەگەل بەندەكانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی، كە ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ و دەسپێشخەریی نادیە هەر لە سەرەتاوە كاریان كردووە بۆ پاڵپشتیكردنی، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر پابەندبوونمان لەكاتێكدا قەرەبووكردنەوەكان بەردەوام دەبن.”
خالید تەلۆ خدر ئەندامێكی كۆمەڵگە و خزمێكی قوربانییەكانی سۆڵاغ گوتی: “ئەم گۆڕستانە یەكەمین پرۆژەی لەو ئاستەیە كە جینۆسایدی ئێزیدیەكان دۆكیومێنت بكات. گۆڕستانەكە دەبێتە شوێنێكی مێژوویی بۆ نەوەكانی داهاتوو، هەروەها بەشێوەیەكی بینراو گەورەیی ئاستی جینۆسایدەكە و كاریگەرییەكانی بەسەر كۆمەڵگەكەمانەوە پێشان دەدات. دروستكردنی گۆڕستانێكی بە كۆمەڵی ڕەمزی دەبێتە هۆی ڕاكێشانی سەرنجی كەسایەتییەكان و ئەوانەی گرینگی دەدەن بە مافەكانی مرۆڤ و پرسەكانی دادپەروەری.”
جێی باسە ئەمە یەكەمین پرۆژەی بە مۆنیومێنتكردنە بەم قەبارە و مەودایە كە لە شنگال جێبەجێ بكرێت.