وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق: پێشنیازی زیادكرنی سه‌به‌ته‌ی خۆراك كراوه

کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشنیاری كردووه‌ بۆ زیادکردنی مریشک و هێلکە بۆ سەبەتەی خۆراك له‌ مانگی رەمەزان.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، لوما هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) رایگەیاند، “وەزاره‌تی بازرگانی عێراق هەوڵدەدات لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا هەندێک کەلوپەل بۆ سەبەتەی خۆراکی تایبەت زیاد بکات”.

ئه‌و جەختیشی لەوە کردەوە، “ئەو زیادکردنانە هەموو ئەو هاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە کارتی بەشە خۆراکییان هەیە، هەروەها دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ پاراستنی کۆمەڵایەتی. گوتیشی، “یەکێک لە پێشنیارەکانی زیادکردنی کەرەستە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا زیادکردنی مریشک، هێلکە یان هەردووکیانه‌”.

لوما ئه‌وه‌شی خشته‌ڕوو، “وەزارەتی بازرگانی ماوەیەک لەمەوبەر هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ فرۆشتنی خۆراک بە نرخێکی کێبڕکێکار لە سەرجەم پارێزگاکان، بەڵام پڕۆسەکە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا زیاتر ڕێکدەخرێت، بە کردنەوەی کۆمەڵگەی بازرگانی لە شوێنەکانی کۆمپانیاکە کە خۆراکی تێدایە”.

بەڕێوەبەره‌كه‌ی کۆمپانیاكه‌ روونیشیکردەوە، “کۆمپانیاکە لەماوەی هەفتەی داهاتوودا بڕێکی زۆر هێلکەی سەر مێز و بڕێکی زۆر ئاردیش وەردەگرێت، هەروەها پرۆسەی پرۆسێسکردنیش بەردەوامە، جگە لەوەش کۆمپانیاکە گۆشت و ماسی وەردەگرێت”. راشیگه‌یاند، “کۆمپانیا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دەست بکە بە فرۆشتنیان لە رێگەی کۆمەڵگەی بازرگانییەوە”.