راگه‌یه‌ندراوی لقی سێ پارتی دیموكراتی كوردستان

ئه‌مرۆ پاش نیوه‌رۆ له‌ لایه‌ن ده‌ستێكی تێكده‌ر و گیره‌شێوێن و دژی دیموكراسیه‌ت و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان ، بینایه‌ی باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی چوار ـی سه‌ر به‌ لق مان له‌ گه‌ڕه‌كی ئازادی شوتێندرا كه‌ ئه‌م بینایه‌ به‌ر له‌ خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ لایه‌ن هیزه‌داگیر كه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌را گیرابوو .
ئه‌مه‌ له‌ كاتیكدایه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی فیدڕاڵ ره‌زامه‌ندی ته‌واویان نیشان داوه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی له‌ سنوری پارێزگای كه‌ركوكو ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ئیداری و سیاسی و ئه‌منی له‌م پاریزگایه‌ .
ئێمه‌ لای خۆمانه‌وه‌ به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كاره‌ ترسنۆكانه‌یه‌ ده‌كه‌ین و رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌مه‌ هه‌وڵێكی تێكده‌رانه‌ی دژه‌ دیموكراسیه‌ و ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌نانه‌ی له‌ پشت ئه‌م كرده‌وه‌ ترسنۆكه‌وه‌ن ، چاویان به‌ ئالای پارتی و شكۆمه‌ندی رێبازی بارزانی هه‌ڵنایه‌ت .
ئه‌م هه‌وڵه‌ نه‌زۆكانه‌یه‌ ناتوانیت رێگر بێت له‌ شكۆ و گه‌وره‌یی پارتی و رێبازی بارزانی و كه‌ركوكیه‌ چاونه‌ترسه‌ خۆڕاگره‌كان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌رده‌می تاكره‌وی و عه‌سكه‌رتاریه‌ت و شۆڤێنیزم به‌سه‌ر چوه‌و ئازادی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیان ده‌كه‌ڕێته‌وه‌ نێو ماڵی هه‌موان .
له‌ هه‌مانكاتدا به‌رپرسیاره‌تی ئه‌م كاره‌ قێزه‌وه‌نه‌ راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر شانی ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌ و پێویسته‌ به‌ زوترین كات ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كاره‌ ترسۆكانه‌یه‌ راده‌ستی یاسا بكرێت .
لقی سێ
پارتی دیموكراتی كوردستان
2023/10/2