چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ده‌زگای خێرخوازی بارزانی : ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا

سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوزای بارزانی رایگه‌یاند، ده‌زگاكه‌ به‌هه‌موو توانایه‌ك هاوكاری زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌ی توركیا و باكووری كوردستان ده‌كات. گوتیشی، “مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی داوای پێكهێنانی تیمێكی به‌هاناوه‌چوونی كردووه‌”.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، مووسا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، “تیمه‌كانمان ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری پێشكه‌شی زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا بكه‌ن و، هه‌ر كاتێك له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ ئاگاداركراینه‌وه كه‌ ده‌توانین بچینه‌ توركیا، ده‌ستبه‌جێ تیمه‌كانمان ره‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ین”. گوتیشی، “هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی بارودۆخی سیاسی گه‌یاندنی هاوكارییه‌كانمان بۆ زیانلێكه‌وتووانی سووریا ئه‌سته‌م ده‌بێت، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین هاوكاری پێشكه‌شی ئه‌وانیش بكه‌ین”.
مووسا ئه‌حمه‌د گوتیشی، “به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌، كه‌ ده‌زگا خێرخوازی بارزانی هه‌موو توانایه‌كی خۆی پیشانبدات بۆ هاوكاریكردنی و به‌هاناوه‌چوونی كه‌سوكاری لێقه‌وماوانی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی توركیا و باكووری كوردستان”
راشیگه‌یاند، “ده‌زگای خێرخوازی بارزانی په‌یوه‌ندی به‌ كونسوڵخانه‌ی توركیا، مانگی سووری توركی و چه‌ندین رێكخراوی سوورییش كردووه‌ و ئاماده‌یی خۆمان ده‌ربڕیوه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌ك”.
هه‌ر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: هاوخەمی قووڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ زیانلێکەوتووان و قوربانیانی کارەساتی زەمینلەرزەکەی تورکیا و سووریا، کە شەوی رابردوو لە چەندین ناوچەی جیاواز روویاندا. بەداخەوە بە هۆی ئەو رووداوە چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندارێکی زۆر هەیە، ئەمە جگە زیانێکی زۆری ماڵی.
روونیشیكرده‌وه‌، “لەم پێناوەشدا بۆ بەهاناوەچوونی لێقەومان لە ئامادەباشی تەواو داین و پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بۆ ئەوەی بەخێراترین شێوە بە هانای لێقەوماوان بچین و هاوکاری پێوستیان پێبگەیەنین، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانین.”
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێکی روودانی بوومەلەرزە و خێرا بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان.”
له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: بانگەوازیش ئاراستەی سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین، کە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان، وەک هەمیشە پشتیوانی دەزگاکەتان بن بۆ گەیاندنی هاوکاری بە لێقەوماوان و بەشداری لە کەمپێنی گەیاندنی هاوکاری بە قوربانیانی رووداوی بوومەلەرزەکان بن، وەک بەرپرسیارییەتییەکی مرۆیی و گیانی هاوکاری لە کاتی پێشهاتەکاندا