وەزیری دارایی و ئابووریی دەڵێت: “هەنگاوی گرنگمان لە پرسی بەدامەزراوەییكردنی ژێرخانی دامودەزگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوە و لە ئایندەشدا مووچە بەشێوەی ئەلیكترۆنی دابەش دەكەین.”
ئەم لێدوانەی وەزیری ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە میانی سەردانێكیدا، لە ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٥ی شوباتی ٢٠٣٢، بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە شاری هەولێر هات.
وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی سیاسەتی چاکسازیی حکومەتی هەرێم بۆ بەدامەزراوەیکردنی ژێرخانی فەرمانگەکانی حکومەت، وەک وەزارەتی دارایی هەنگاوی باشمان ناوە و لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە توانیومانە بەشێک لە کاروباری فەرمانگەکانی وەزارەت بە ئەلکترۆنی بکەین و پڕۆسەکەش بەردەوامە.”
وەزیری دارایی هیوای خواست بە زووترین کات بتوانن تەواوی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی بکەن و ئاماژەی بەوەش كرد هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مووچە بە شێوەی ئەلکترۆنی دابەش بکەن، بەردەوامە”.
“بۆ ئەو مەبەستەش، هاوشێوەی هەولێر، بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکەکان و دابەشکردنی مووچەن، وەک هەنگاوی یەکەمیش لە مووچەی خانەنشینانەوە دەستپێدەکەن و دواتر فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیكەش دەگرێتەوە.”
یەكێك لە بنەماكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دامەزراندنی حكومەتی ئەلیكترۆنییە، ئەمەش لەلایەك ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان دەكات و لەلایەكی دیكەش خزمەتی بنەمای شەفافییەت دەكات.