چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

به‌مه‌به‌ستی پڕۆسه‌ی وردبینیی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق، شاندێكی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نیی عێراق، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێره‌ و وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم ده‌ڵێ “تا ئێستا هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ڕووینه‌داوه‌ و له‌ ڕابردوودا كه‌سانێك ویستوویانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا گه‌شت بكه‌ن و گیراون”.

٥ ی شوباتی ٢٠٢٣، له‌كاتی ئاماده‌بوونی ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی وردبینیی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن شاندێكی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی (ICAO)، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نی عێراق، بۆ پشكنین و هه‌ڵسه‌نگاندنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماده‌بوونی شانده‌كه‌ی به ‌گرنگ پێناسه‌ كرد و ڕایگه‌یاند: بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوودا، ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق بكه‌وێته‌ نێو خشته‌ی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نییه‌وه‌ و خۆشحاڵین كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بووه‌ته‌ یه‌كه‌م فڕۆكه‌خانه‌ پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت لەمەڕ ئه‌و ڕێكاره‌ ئه‌منییانه‌ی ده‌گیرێنه‌ به‌ر.
وه‌زیری ناوخۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، هه‌ر ڕێكارێك له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گیرابێته‌ به‌ر، له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گونجاو بووه‌ و گوتی “شانازی به‌وه‌ ده‌كه‌ین تا ئێستا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌منی ڕووینه‌داوه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌می ده‌زگاكانی ئێمه‌ بووبێت”.
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، گوتیشی “سه‌ردانی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌وانیی مه‌ده‌نی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی فڕۆكه‌خانه‌كان گرنگه‌ و جێگه‌ی بایه‌خدانه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ڕوانن و چاوه‌ڕوانین ئه‌نجامه‌كان له‌ ئاستێكی زۆرباش دابن”.
وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ كرد، هاوكاری ته‌واوی شانده‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بكه‌ن و ئامانجی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌، كارمه‌ندانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی گه‌شت ده‌كه‌ن سه‌لامه‌ت بن.
له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د ستایشی هه‌وڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر كرد و گوتی “له‌ماوه‌ی ڕابردوو له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك كه‌س ویستبێتیان به‌ده‌ر له‌ ڕێكاره‌كان گه‌شت بكه‌ن، به‌ڵام هیچ كاتێك له‌ پشكنینه‌كانی ئاسایشی و پۆلیس ده‌رنه‌چوونه‌ و هه‌ر ڕێكارێكی پێچه‌وانه‌ی یاسا بوونێت، هه‌ر زوو هه‌ستی پێكراوه‌ و ڕێكاری یاسایی به‌رانبه‌ر سه‌رپێچیكاران گیراوه‌ته‌ به‌ر.
بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ناوی عێراق ده‌كه‌وێته‌ خشته‌ی ڕێكخراوی فڕۆكه‌وانی نێوده‌وڵه‌تیی مه‌ده‌نییه‌وه‌، بۆ به‌دواداچوون و وردبینیی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی عێراق له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی (ICAO) فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی، پڕۆسه‌ی وردبینی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ده‌ستپێكرد، پڕۆسه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، كه‌ دواتر ته‌واوی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌گرێته‌وه‌.