پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمــەران؛ ھیچ ئاستەنگییەکی ھاتووچۆ نییە و جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شەپۆلێکی بەفر بارین چەند ڕۆژێکە ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، لە ھەندێک ناوچە زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە. بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سۆرانیش، دەڵێ: ئێستە ھیچ ئاستەنگییەکی ھاتووچۆ لە سنوورەکەمان نییە و تیمەکانیش بۆ ھەر ئەگەرێک ئامادەن. بەرپرسانی حاجی ئۆمەرانیش، دەڵێن: جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە بەردەوامە.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سۆران، دەڵێ: چەند ڕۆژێکە لە ناوچە جیاجیاکانی ئیدارەی سۆران بەفر دەبارێت، بەڵام ئەوە نەبووەتە ئاستەنگ لەبەردەم ھاتووچۆکردنی ھاووڵاتییاندا.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی ئیدارەی سۆران، هەروا دەڵێ: لە ڕێگەی سێ تیم خەریکی خاوێن کردنەوەی ڕێگەوبانەکانی قەزاکانی ئیدارەی سۆرانین، کە ئێستا زۆربەی ڕێگەوبانەکان خاوێن کراونەتەوە، تەنھا چەند ڕێگەیەکی لاوەکی ماون، ئەوانیش خاوێن دەکرێنەوە .لەگەڵ ئەوەی بەفربارین بەردەوامە، بەڵام تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر لە ئامادەیی تەواودان، لە ھەر شوێنێک ببینن ئاستەنگی ھاتووچۆ دروست بووە بە زووترین کات دەگەنە شوێنەکە و ڕێگەکە خاوێن دەکەنەوە.
سیروان حوسێن، وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، گوتی: بەفرێکی زۆر لە سنووری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران باریووە، تەنھا شەوی ڕابردوو زیاتر لە ٣٠ سم بەفر باریووە، بەڵام تەواوی ڕێگەوبانەکان لە بەفر پاککراونەتەوە و ھیچ ئاستەنگییەکی ھاتووچۆ نییە و جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری بەردەوامە.