له‌باره‌ی نرخی دۆلاره‌وه‌ بانكی ناوه‌ندی عێراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

بانكی ناوه‌ندی عێراق ئه‌مڕۆ ، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق، چاویكه‌وت به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی بانكه‌ حكومیی و ئه‌هلییه‌كانی عێراق، له‌ گوته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ناوه‌ڕاستی مانگی شوبات، ژماره‌یه‌ك رێككاری دیكه‌ بۆ دابه‌زاندنی نرخی دۆلار راده‌گه‌یه‌نین.

هه‌روه‌ها پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق راشیگه‌یاند، نرخی دۆلار په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌، پێویسته‌ سه‌قامگیربێت.

ده‌شڵێت: “ناكرێت لەسەر فرۆشتنى نەختینەیی دۆلار و حەواڵەکردنى، كۆت و به‌ند هه‌بێت.”

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هیچ بەربەستێکی ناوخۆیی یان دەرەکی بۆ حەواڵەی دەرەکی یان فرۆشتنی دۆلار نییه.

پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها گوتی: “پێویسته‌ داواکارییەکان بۆ حەواڵه و پارەی کاش لە بەغدا سنووردار نەکرێت و بانکەکان کەناڵ و دەرچەی نوێی دەرەکی، بۆ کارئاسانی حەواڵە بکەنەوه”.

هۆشداریشیدا كه‌ رێوشوێنی توند بەرامبەر پێشێلکاران دەگیرێتەبەر و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ بەدواداچوون بۆ هەنگاوی یەکەمی رێوشوێنەکان پێکدەهێنرێت.