پڕۆژەی هێڵی بۆریی ئاو لە بەنداوی دێرەلووك كە ١٥٠ هەزار كەس لێی سوودمەند دەبن تەواو كرا

پڕۆژەی ڕاکێشانی هێڵی سەرەکیی بۆریی ئاو لە بەنداوی دێرەلووک بۆ وێستگەی ئاوی ئامێدی تەواو كرا كە زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی دەڤەرەكانی ئامێدی، دێرەلووک، شیلادزێ، سەرسەنگ، بامەڕنێ و چەند کۆمەڵگەیەکی دیکە لێی سوودمەند دەبن.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، کلاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ئانا کریستین، بەڕێوەبەری ئۆفیسی KFW لە عێراق و چەندین لایەنی پەیوەندیداری دیكە، ڕێوڕەسمی تەواوبوونی پڕۆژەی ڕاکێشانی هێڵی سەرەکیی بۆریی ئاو لە بەنداوی دێرەلووک بۆ وێستگەی ئاوی ئامێدی بەڕێوەچوو و وایش خەمڵێنراوە كە ١٥٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی دەڤەری ئامێدی، دێرەلووک، شیلادزێ، سەرسەنگ، بامەڕنێ و چەند کۆمەڵگەیەکی دیکە لێی سوودمەند دەبن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمەکەدا سەبارەت بە پرۆژەکە باسی لە بایەخدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە کرد و لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: “لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت و بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، بایەخێكی زۆر بە سێكتەری ئاوی خواردنەوە و دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەکییە بۆ هاووڵاتییانی کوردستان دراوە. ئێمەش لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕیزبەندیی یەکەمی سێکتەرەکانی وەزارەتمان داناوە و بایەخی یەکەمی کارەکانمان بۆ ئەو سێکتەرەیە. لە چوارچێوەیەدا توانراوە دەیان پڕۆژەی گەورە و بچووک بەپێی پێویستیی ناوچەکان بۆ خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکرێن و بەردەوامیش دەبین.”

“ئەم پرۆژەیە بریتییە لە دیزاین و جێبەجێکردنی یەكەیەكی وەرگر بە توانای (٢٧٠٠)م٣/كاتژمێر بۆ وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئامێدی لە سەرووی بەنداوی دێرەلووك كە ئاوەكە بە بۆریی كاربون ستیل بە تیرەی ٩٠٠ ملم و بە درێژایی هەزار و ٢٤٠ مەتر بۆ وێستگەكە دەگوازێتەوە و زیاتر لە ١٥٠هەزار كەس لە دانیشتووانی ئامێدی و شیلادزێ و دێرەلووک لێی سوودمەند دەبن. گوژمەی خەمڵێنراوی ئەو پڕۆژەیە ١.١ ملیار دینارە، كە بڕی زیاتر لە ١٩٤ ملیۆن دیناری لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ٦٠٠ هەزار دۆلاریش لە ئەستۆی ڕێكخراوی یونیسێف بووە”.

ئەم پڕۆژەیە بەشی زۆری گرفتەكانی دابینكردن و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە سنووری ئەو شارۆچكانە چارەسەر دەكات و گرفتی كەمئاوی ناهێڵێت، هەروەها بە سوودوەرگرتن لە ئاوی بەنداوی دێرەلووک، پرۆژەی ئاوی ئامێدی لە وەستان دەپارێزرێت كە ساڵانە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕاددەی لێڵیی ڕووباری دێرەلووك لە كاتی باراندا ئەم گرفتە ڕووبەڕووی ئەم وێستگەیە دەبووەوە، كە زۆرجار دەبووە هۆی كەمئاویی دەڤەرەكە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سوپاسی ڕێکخراوی یونیسێف و حکومەتی ئەڵمانیا و سەرجەم ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکان لە پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوەدا دەكات و هاوكاری و هەماهەنگییەكانیان بەرز دەنرخێنێت.