سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا كرد

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/2/1 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئيرڤن هيكس جوونيه‌ر كونسوڵى گشتيى ‏ئه‌مه‌ريكا ‏له‌ هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ديدار و ‏كۆبوونه‌وه‌كانى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان تاوتوێ ‏كران. له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا، پێشوازى و پشتيوانيى ‏وڵاته‌كه‌ى بۆ گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردوولا نيشان دا و ‏دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى ‏كوردستان ده‌ڕوانێت.‏

پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكختسنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ‏بوو، تيايدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامى و گرنگيى سه‌رخستنى ‏پرۆسه‌كه ‌كرده‌وه‌ و سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى له‌مباره‌يه‌وه‌ كرد. ‏لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا، بايه‌خ و گرنگيپێدانى وڵاته‌كه‌ى به‌ ‏پرۆسه‌كه‌ و خێراتركردنى، خسته‌ ڕوو.‏

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، كاركردن بۆ سه‌ردانى شاندێكى ‏بازرگانيى ئه‌مه‌ريكى بۆ هه‌رێمى كوردستان، پرسى مافه‌كانى مرۆڤ، ئازاديى ‏ڕۆژنامه‌وانى و ڕاده‌بڕين و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، تاوتوێ ‏كران.