سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مستەفا عەبدوڵا، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان: لەگەڵ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، ڕێكار و ئامادەكارییەكان دەست پێدەكەین

مەزهەر کەریم – سلێمانی

مستەفا عەبدوڵا كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە گفتوگۆیەکیدا دەڵێت: نابێت سەنگەری بەغدا چۆڵ بكەین و دەبێت داوای مافە دەستووریەكان بكرێت لەبەغدا. دەشڵێت: كورد دەبێت بەردەوام بێت لە دانوستان لەگەڵ بەغدا، چونكە بژاردەی دیكەی نیە.

  • ئامادەكاریتان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە ؟
  • ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و پرۆژەشمان هەیە بۆ چۆنیەتی هەموواریی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، لەگەڵ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن ڕێكار و ئامادەكاریەكان دەست پێدەكەین”.
  • هیچ پلانێک هەیە لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن یەك بەرەی هەڵبژاردن پێك بهێنن ؟
  • زۆر هەوڵماندا لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لیستێكی هاوبەش دروست بكەین لەگەڵ لایەنە ئۆپۆسیۆنەكان، بەڵام سەری نەگرت بۆ ئەم هەڵبژاردنە تا ئێستا قسەی لێ نەكراوە، هەمو بژاردەكانیش كراوەن بۆ بەشداریمان لەهەڵبژاردن.و
  • كەی كۆنگرەی یەكگرتو دەبەسترێت؟
  • كاتی بەستنی كۆنگرە هێشتا ساڵێکی ماوە وەك یەكگرتوو كۆی كۆنگرەكانمان لەكاتی خۆیدا بەستووە بەڵام بۆ ئەمجارە ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەدا بكرێت كە دیاری كراوە، ئەوە ئەوا كۆنگرە لەكاتی خۆیدا نابەسرێت ئەوكات سەركردایەتی قسەی لەسەر دەكات.
  • باس لەوە دەكرێت دۆخی دارایی یەكگرتوو باشبێت، ئەگەر وایە هۆی چییە و سەرچاوەی داراییتان چییە؟
  • بەدرێژایی بیست ساڵی ڕابردوو، دۆخی دارایی یەكگرتوو وەك پێویست نەبووە. بەشداری كادیر و ئەندامانمان لە بەخشین ‌و ئابوونە و بە هاوكاری خێرخوازی كارەكان بەڕێوەچوون.
  • لەبارەی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی عێراق بۆ ڕێگریی لە ناردنی شایستەکانی هەرێم، هەڵوێستتان چییە؟
  • بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، ئەركی هاوڵاتیانی هەرێم قورس تر دەکات. كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا قوڵتر دەكاتەوە پێویستە هەولێر و بەغدا مافە دەستووریەكان لەبەرچاو بگرن، چونكە چەندین لایەن لە بەغدا دژی پەیوەندیەكانی هەرێم و عێراقن.
  • کورد چۆن هەڵوێستی خۆی نیشان بدات لە بەغدا؟
  • دەبێت كورد بەردەوام بێت لەدانوستان لەگەڵ بەغدا، نابێت سەنگەری بەغدا چۆڵ بکرێت و دەبێت بەردەوام داوای مافەدەستوورییەكانی گەلەكەمان بكرێت لەبەغدا. كورد ناتوانێت هەنگاوی دیكە بنێت بەبێ ڕێكەوتن لەگەڵ بەغدا، چونكە ئاراستە نێودەوڵەتی و هەرێمیەكان ئێستە لە بەرژوەندی كورد نین.
  • بۆچی کورد لە حکوومەتی بەغدا ناکشێتەوە، لە کاتێکدا عێراق ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات؟
  • كورد ئەگەر لەگەڵ بەغدا بەشداریی پێکهێنانی حکوومەت نەکات، چی دیكە بكات؟ ڕێگەی دیكەی لەبەردەمدا نیە! بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە كورد بەیەكگرتوویی و یەك ئاراستە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات بەپێی دەستور داوای مافەكانی بكات.