جارێکی دیکە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کاردانەوەیان لێ دەکەوێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

یاساناس و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان، دەڵێن: پێویست بوو دادگای فیدراڵی لە جیاتی کێشە دروستکردن و تێکدانی ڕێککەوتنە سیاسییەکان، تیشک بخاتە سەر چارەکردنی کێشەکان بەپێی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، نەک بە بڕیارێکی نادەستووری ڕێککەوتنی نێوان لایەنە پێکھێنەرە سەرەکییەکانی حکوومەت تێک بدات و ھێندەی تر عێراق بەرەو ئالۆزی ببات و کێشەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەولێر زیاتر بکات و ببێتە ھۆی مەترسی لەسەر سەقامگیریی سیاسیی عێراق.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥-٠١-٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لەبارەی سکاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، ئەو سکاڵایە لە لایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەمەد مەیاحی، پارێزگاری واست، تۆمار کرابوون.
ئەو دوو سکاڵاکارە، داوا دەکەن بڕیارەکانی ژمارە ھەشتی ساڵی ٢٠٢٢ و ژمارە (٤٠١، ٢٥٧، ٢٢٦، ١٩٤ـی ساڵی ٢٠٢١)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ھەڵبوەشێندرێنەوە کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان. داواکە ژمارە ١٧٠ـی/فیدراڵیی/٢٠٢٢ـی ھەبوو، پێشتر سێ جار دواخرابوو، دوایین جار رۆژی ١٨ـی ئەم مانگە بوو و رۆژی چوار شەممە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵی لەسەری کۆبووەوە.
بڕیارەکەش ناڕەزایی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی لێکەوتەوە و سەرۆک بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: جێگەی سەرسوڕمانە ھەر کات کەشێکی ئیجابی لە نێوان ھەرێم و و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێک بۆ چارەی گرفتەکان ھاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگای فیدراڵی کاری بۆ تێکدانی ئەو دەرفەتە کردووە و بە بڕیارێکی دوژمنکارانە دەرفەتەکەی لەبار بردووە و بووەتە ھۆی ئاڵۆزتربوونی کێشەکان. دیارە ئەجێندایەکی گوماناوی جێبەجێ دەکات و جێگەی دادگای شۆڕش (محکمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕاگەیەندراوی تایبەتیان لەبارەی بڕیارەکەوە هەبوو.
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، سەبارەت بە دادگای فیدراڵی لە پەڕەی تایبەتی خۆی بوچوونی خۆی خستووەتەڕوو، دەڵێت: زۆر لەسەر بابەتی یاسایی بوون و نەبوونی داگای فیدراڵی وترا و نووسرا، لێرەدا نامەوێ بچمە ناو وردەکاری روداوەکان.
لە دەستوری عێراقدا سەبارەت بە شێواز و ڕێژەی دەنگدان چەند دەستەواژەیەک ھەن، لەوانەش دەستەواژەی زۆرینە و زۆرینەی ڕەھاو سێ بەشی ڕێژەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ھەموو ئەو مادە و بڕگانەی کە ڕەھەندی نشتیمانییان ھەیە دەبێت کۆدەنگی لەسەربێت و بە زۆرینەی ٣/٤ دەنگیان بۆ بدرێت. یاسای دادگای فیدراڵی یەکێکە لەو یاسایانەی ڕەھەندی نشتیمانی ھەیە، دەنگدان لەسەر ئەم یاسایە پێویستی بە ٢٤٥ ئەندامی پەرلەمانە.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو، دەشڵێت: ئەم یاسایە لەخولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، کێشەی زۆری لەسەر بوو بەتایبەتی ٣ مادەی یاساکە و کۆدەنگی و ئەو ژمارە لە ئەندامانی پەرلەمان کۆنەدەبوونەوە، ھەر بۆیە ئەم یاسایە بە درێژایی ٣ خولی پێشووتری پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ نەکرا.
ڕاشیگەیاندووە: ھەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدرال ھیچ لە بەرژەوەندی میلەتەکەمان نەبوو.
لە ھەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و گوران و یەکگرتوو بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و بەشێکی زۆری ئەندامانی یەکێتی بە پێچەوانەی بڕیاری فراکسیون بەشداری دانیشتنەکە نەبوون و بایکۆتیان کرد چونکە لەو بڕوایە بووین لە دژی ھەرێم و پێگەی ھەرێمە و یاسایەکی چارەنووسسازە و چارەنووسی نەوەکانی داھاتووی پێوە وابەستەیە.
پارێزەر سەروان زراری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە لەسەر بنەمای یەکسانی سەیری ھاووڵاتییانی عێراق بکات وەک لە ماددەی ١٤ ھاتووە، عێراقییەکان یەکسانن لەبەردەم یاسادا بەبێ جیاوازی ڕەگەز، نەژاد، نەتەوە، بنەچە، ڕەنگ، ئایین ئایینزا، بیروباوەڕ، بۆچوون، بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، گوتی: بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نایاسایی بوونی ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بڕیارێکی تەواو نادادپەروەر و ستەمکارانەیە و دژ بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، بڕیارێکە ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە، ئەم ھەڵوێستەی دادگای فیدراڵی جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی نارەوای خۆی دژ بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، گوتیشی: ئاشکرایە حکوومەتی ئێستای عێراق بە ڕێککەوتن و سازانی نێوان پێکھاتە سەرەکییەکانی عێراق دوای ماوەیەکی زۆر و ‌پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزی سیاسی و ناسەقا‌مگیریدا پێکھاتووە، نابێت رێگە بە ھیچ لایەنێک بدرێت کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق بۆ مەرامی سیاسی خۆی و ئەجێندای وڵاتان بشێوێنێت. پێویست بوو دادگای فیدراڵی لە جیاتی کێشە دروستکردن و تێکدانی ڕێککەوتنە سیاسییەکان تیشک بخاتە سەر چارەکردنی کێشەکان بەپێی دەستوری ھەمیشەیی عێراق.
چیای تەیمور، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، بڕیارێکی چاوەڕوان کراو بوو، چونکە دادگای فیدڕاڵی ھەردەم لە دژی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات، ئەوەش وا دەکات ھەولێر و بەغدا لێک دوور بکەونەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەولێر و بەغدا زۆر نزیکبوون لە ڕێککەوتن و چارەکردنی کێشەکان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت دادگای فیدڕاڵی بۆتە سەرچاوەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداو وەکو ئامرازێک دژی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بەکاردەھێنرێت، ھیوادارین ھەموو لایەنەکان وەڵامی گونجاویان بۆ بڕیارەکەی دادگا پێ بێت، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا نەبێت”.
موسڵیح ڕەجەب، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: ھەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتن چووەتە ناو حکوومەتەوە، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکە بڕیار بوو، لە ماوەی سێ مانگدا یاسای دادگای فیدڕاڵی ھەموار بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەش دادگای فیدراڵی بەردەوام دژی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەدات.

ھەواڵی زیاتر