ئەشواق جاف، بەرپرسی لقی ٥ی پارتی لە بەغدا:هەندێک لایەنێک نایانەوێت ھەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکانیان چارە بکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەشواق جاف، بەرپرسی لقی ٥ی پارتی لە بەغدا، لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەندێک لایەن نایانەوێت ھەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکانیان چارە بکەن. دەشڵێ: ئەگەر حیزبە کوردستانییەکان بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیان بوێت، دەبێت ھەڵوێستیان ھەبێت و پشتگیری لە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم بکەن، چونکە بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، تەنھا دژی حیزبێکی دیاری کراو نییە، بەڵکو دژی ھەموو خەڵکی کوردستانە.

  • بڕیاری دادگای فیدڕاڵی چۆن دەبینن؟
  • ھەر کاتێک حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق بیانەوێت کێشەکانیان چارە بکەن، لایەنێک رێگری دەکات لە چارەکردنی کێشەکان، نایەوێت ئەو مەلەفانەی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن بەپێی دەستوور چارە بکرێن، ئەو لایەنانەی بەشداریان لە پێکھێنانی حکوومەت کردووە، ئیمزایان کردووە نابێت ھیچ ھەنگاوێک بنرێت بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو دەبێت رێگە بدرێت ھەر دوو حکوومەت گفتوگۆیەکی دەستووری بکەن، بۆ چارەکردنی مەلەفی نەوت و بوودجە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنە پێکھێنراوە، سەقفی زەمەنیش دانراوە، نەک ھەر ئەوانە بەڵکو مەلەفی پێشمەرگە، ماددەی ١٤٠، حکوومەتی عێراق ھەموو ئەو مەلەفانە دەبێت چارە بکات، بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆ ھەیە، شاندی ھەرێم چەندین جار سەردانی بەغدای کردووە، سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکوومەت سەردانی بەغدایان کرد، ھەتا گفتوگۆ لەسەر زیادکردنی بەشە بوودجەی ھەرێم کراوە، داوای ١٧% ـەمان کردووە، گفتوگۆکانیش بەردەوامن، بەڵام بەداخەوە لایەنێک نایەوێت ئەو مەلەفانە چارە بکرێن، ھەتا نایەوێت حکوومەتی عێراق کاری خۆی بکات، چونکە ئەو لایەنانە دەیان بینی ھەر دوو حکوومەت بەپێی دەستوور کێشەکان چارە دەکەن، بۆیە ھەنگاوی لەو شێوەیە نرا، ئەگەر بپرسی ئەو لایەنە کێیە، ھەمان ئەو لایەنەیە کە دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە و دەیویست قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت.
  • دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی چاوەڕێی چی دەکەن؟
  • وەکو ھەرێمی کوردستان دژی دادگای فیدڕاڵی نین، دژی دەستوور نین، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەگەر ماددەکانی دەستوور وەکو خۆیان جێبەجێ بکرین ھیچ کێشەیەک لە نێوان ھەولێر و بەغدا نامێنێت، بۆیە چاوەڕێی ھەڵوێستی ئەو لایەنانە دەکەین کە لە حکوومەت بەشدارن و دەنگیان بە کارنامەی حکوومەتی سوودانی داوە، دەبێت ئەوانە ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە ئەو لیژنانەی پێکھێنراون، داوای ھەر شتێکیان کرد بێت حکوومەتی ھەرێم پێیان داوە، حکوومەتی ھەرێم پابەندی ئەو رێککەوتنە بووە کە لە نێوان لایەنەکان واژۆ کراوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت.
  • بۆ لایەنە کوردستانییەکان چیت ھەیە؟
  • ئەوەی ھەندێک لایەن دەیکەن پەیوەندی بە قوتی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، حیزبە کوردستانییەکان ئەگەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیان بوێت، دەبێت ھەڵوێستیان ھەبێت و پشتگیری حکوومەتی ھەرێم بکەن، چونکە بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، تەنھا دژی حیزبێکی دیاری کراو نییە، بەڵکو دژی ھەموو خەڵکی کوردستانە، بۆیە دەبێت ھەموو لایەنەکان پشتگیری لە ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم بکەن بەتایبەتی لە بواری چاکسازی، چونکە ھەندێک لایەن بە نادەستووری دژی ھەرێمی کوردستان دەجووڵێنەوە”.
ھەواڵی زیاتر