پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

شەقامەکان دەبێت ١٠ هێندەی تر فراوان بکرێن تا توانای هەڵگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلیان هەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پەرەپێدانی شەقام و رێگاوبانەکان لە عێراق لە ئاستی خێرایی زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکاندا نییە و ئەمەش وایکردووە دۆخی گواستنەوە و هاتوچۆ لە عێراق ساڵ بە ساڵ خراپتر ببێت و شەقامەکان هەناسەیان لێ بڕاوە. لە بەغدا جگە لەوەی کە شەقامەکان فراوان نەکراون لە هەمان کاتدا سیستەمی گواستنەوەش کلاسیکە و وەڵامدەری پێداویستییەکان نییە.

فەرمانگەی هاتوچۆی عێراق خۆی بە فەرمی بڵاوی کردەوە کە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بە خێرایی زیادیان کردووە و شەقامەکان چیتر لە توانایاندا نییە ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە هەڵبگرن. بەگوتەی پۆلیسی هاتوچۆی بەغدا، شەقامەکان دەبێت ١٠ هێندەی تر فراوان بکرێن تا توانای هەڵگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلیان هەبێت.
پۆلیس پشتی بە ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەستووە کە باس لە توانای شەقامەکان دەکات. بەپێی ئامارەکە شەقامەکانی بەغدا توانای هەڵگرتنی ٢٠٠ تا ٢٥٠ هەزار ئۆتۆمبێلیان هەیە کەچی هەر ئێستا سێ تا چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل بە شەقامەکانی بەغدادا دەسووڕێنەوە.
لە بەغدا دۆخەکە ئەوەندە خراپ بووە ئۆتۆمبێلێک ئەگەر لە گەڕەکێکی شارەکە بۆ بەشێکی تری شارەکە بچێت دەبێت چەندین سەعات لە ترافیکدا چاوەڕوانی بکات. ساڵی رابردووش بەرپرسێکی هاتوچۆی بەغدا دانی بەوە نا کە شەقامەکانی بەغدا ٣٠ ساڵە وەک خۆیان ماونەتەوە، کەچی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان چەند هێندە زیادیان کردووە
پرسی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل پرسێک نییە تایبەت بە بەغدا و عێراق بەڵکوو لە هەولێر و هەرێمی کوردستانیش ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

بەپێچەوانەی بەغدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان پەرە بە شەقامەکان دراوە و بۆ ئەوەی زۆریی ئۆتۆمبێل نەبێتە کێشە و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ، کۆمەڵێک شەقام و جووتسایدی ستراتیجیی بنیات نراون و ژمارەیەکی تریش دیزاین کراون و بڕیارە لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێن.
شەقامی بازنەیی ١٢٠ مەتری یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکان کە دوو ساڵە تەواو بووە و پڕۆژەکە کاریگەرییەکی زۆر بەرچاو و باشی لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی لە ناوەند و گەڕەککەکانی هەولێر هەبوو.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا بەوە نەوەستاوە بەڵکوو بەشێک لە پڕۆژەیەکی ستراتیجیی گەورەتری جێبەجێ کردووە و لە پلانیدایە بازنەیەکی تر بە دەوری هەولێردا دروست بکات کە زۆربەی کۆمەڵگەکانی دەوروبەری هەولێر لە باوەش دەگرێ و قەرەباڵغی و جەنجاڵیی هێندەی تر کەم دەکاتەوە.
پڕۆژەی جووتسایدی بازنەیی ١٥٠ مەتری لە شەقامی دهۆکەوە بۆ شەقامی بەحرکە و پاشان بۆ شەقامی شەقڵاوە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و ماوەی رابردوو، شەقامی شەقلاوە بۆ کۆیەش جێبەجێ کرا و ئێستا دەست بە بەشەکانی تری جووتسایدە کراوە و پڕۆژەکە بەرەو بنەسڵاوە و شەقامی کەرکووک لەجێبەجێکردندایە.
جگە لەم دوو شەقامە ستراتیجییە لە ئاراستەکانی دەرەوەی شاریش بە گوێری پێویست شەقامەکان بەرفراوان کراون هەرچەندە هێشتا لە ئاستی ئارەزووەکاندا نین بەڵام حکومەت بە پلان سوورە لەسەر پەرەپێدانی سەرجەم شەقامەکانی کوردستان.
بهێنینە پێش چاوی خۆمان ئەگەر هەولێر شەقامی ١٢٠ مەتری نەبووایە و ئەو پرۆژە ستراتیجییانە بێبەش با ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلەی کە لە هەولێرن چ قەیران و تەنگژەیەکیان بۆ دانیشتووانەکەی دروست دەکرد.
دۆخی بەغدا رێک بەم شێوەیەیە و حکوومەت نەیتوانیوە پڕۆژەی ستراتیجیی رێگاوبان لە پایتەخت جێبەجێ بکات. هەرچەندە نابێ ئەوەش لەبیر بکرێ کە پەرەپێدان تەنیا ئەوە نییە شەقامەکان بەرفراوان بکرێن، بەڵکوو دەبێ سیستمی گواستنەوەش لە شێوەی کلاسیکەوە بۆ نوێ و مۆدێڕن بگۆڕدرێت و بەمە رێگە لە زۆربوونی ئۆتۆمبێلەکان بگیرێت. ناکرێ هەتاهەتایە لەگەڵ زۆربوونی ئۆتۆمبێل شەقامەکانیش زیاد بکرێن.
بۆ هەولێری پایتەخت ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە شەقامەکان بە هێڵی ترام و پاسی پێشکەوتوو بە یەکتر گرێ بدرێن و شێوازی کلاسیکی گواستنەوەی هاووڵاتیان لە دەرەوەی شارەوە بۆ ناوشار کۆتایی پێبێت و گەڕەک و کۆمەڵگە جیاوازەکان بە سیستمی پێشکەوتوی گواستنەوە بە یەکتر گرێ بدرێن.
پێشکەوتوویی سیستمی گواستنەوە و بەرینی و ستانداردبوونی شەقام و رێگاوبانەکان لە هەر وڵاتێک کاریگەریی زۆری لەسەر گەشەی ئابووری هەیە و پێچەوانەکەشی ئەرکێکی زیادەی داراییە بەسەر شانی هاووڵاتیان و حکوومەتەکان و لە جیاتی سوودگەیاندن، زیان بە ئابووری دەگەیەنێت.