ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینی رۆژنامه‌وانی مه‌سرور بارزانی له‌ داڤۆس

له‌ چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانی داڤۆس، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی رۆژنامه‌وانیدا، ده‌ستخۆشی له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرد بۆ ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان به‌ تاوانی جینۆساید و رایگه‌یاند، هیوادارم به‌ كرداریش به‌شدار بن له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری ئێزدییه‌كان. له‌ باره‌ی بودجه‌ی عێراقیشه‌وه‌ گوتی: ئێمه‌ سه‌رنجی خۆمان داوه‌ته‌ به‌غدا و هیوادارین به‌ زوویی بودجه‌ی عێراق په‌سند بكرێت.

ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌

كوردستان24: جیاوازی به‌شداریكردنی ئه‌مساڵتان له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو چی بوو؟

مه‌سرور بارزانی:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ی و میهره‌بان، رێگه‌م بده‌ن سه‌ره‌تا سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ بكه‌م، كه‌ دوێنێ شه‌و له‌ سه‌ر رێگه‌ی نوسه‌یبین بۆ مێردین روویدا. سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كه‌م و هیوادارم خوای گه‌وره‌ سێبووری هه‌موو لایه‌ك بداته‌وه‌ و جێی قوربانیانیش به‌هه‌شت بێت.

هه‌روه‌ها بیستم په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كۆمه‌ڵكوژی جینۆسایدی ئێزدییه‌كانی به‌ جینۆساید ناساندووه‌، ده‌ستخۆشی له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و پێشتریش په‌رله‌مانه‌كانی به‌لجیكا، فه‌ره‌نسا و هۆڵه‌نداش ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌مانه‌ ته‌نیا بڕیاری په‌رله‌مان نه‌بن، به‌ كرده‌وه‌ به‌شداری له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری خوشك و برایانی ئێزدی بكه‌ن.

بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ش، ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ ئه‌مساڵ 2500 كه‌س تێیدا به‌شدار بوون له‌ وڵاتانی جیهانه‌وه‌ و بابه‌ته‌ گرنگه‌كان باس كران. بابه‌تی وزه‌ی خاوێن و وزه‌ی جێگره‌وه‌، هه‌روه‌ها بابه‌تی ئاسایشی خۆراك،ئاسایش و سه‌قامگیری وڵاتان و ناوچه‌كان، به‌ تایبه‌تی دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ و كێشه‌ له‌ ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها بابه‌تی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانی قسه‌ ده‌كرێت. ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان قسه‌مان كردووه‌.

كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه‌، هه‌م له‌ رووی وزه‌وه‌ و هه‌میش له‌ رووی خۆراكه‌وه‌. له‌ رووی ئاسایش و سه‌قامگیریش پێشتر كوردستان رۆڵێكی كارای هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و له‌ دابینكردنی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌.

ئێمه‌ توانیمان په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ دۆسته‌ كۆنه‌كانمان نوێ بكه‌ینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی نوێش په‌یوه‌ندی درووست بكه‌ین. له‌ رووی ئابووریشه‌وه‌ داوامان كردووه‌ بێن روو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و له‌ رووی ئابووریی و ته‌نانه‌ت سیستمی بانكییه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی ریفۆرمی بانكیمان هه‌یه‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و ئێمه‌ش هاوكار ده‌بین.

رووداو: به‌ره‌وپێشچوون هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ رێككه‌وتن و پێتان وایه‌ ئه‌مساڵ بودجه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دێت، پرسیاری دووه‌میشم له‌ باره‌ی به‌شداری نه‌كردنی یه‌كێتییه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی حكومه‌ت و ئێوه‌ چۆن ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟

مه‌سرور بارزانی:

سه‌باره‌ت به‌ پرسیاری یه‌كه‌م، پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌ ئێره‌ سه‌ردانی به‌غدامان كرد و پێش درووستبوونی حكومه‌تی به‌غداش ئێمه‌ رێككه‌وتنمان كردووه‌ و له‌ باره‌ی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ قسه‌ی زۆرمان كردووه‌.

بابه‌ته‌كانی مادده‌ی سه‌دوچل و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال و داڕشتنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غاز قسه‌ كراوه‌. چه‌ندین جار شاندمان چووه‌ته‌ به‌غدا و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین یاسایه‌كی نوێی نه‌وت و غاز ده‌ربچێت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ته‌ندرووست بن، ده‌بێت ئه‌و پرسانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا رێكبخرێن.

بۆ بودجه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ هه‌رێمی كوردستان بتوانێت به‌شداری بكات له‌ داڕشتنه‌وه‌ی بودجه‌ی 2023 و ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆمان بووه‌، جێبه‌جێمان كردووه‌ و بۆچوونی خۆمان  به‌ حكومه‌تی فیدراڵی گه‌یاندووه‌، هه‌ندێك بابه‌تی دیكه‌ی ناوخۆییان ماوه‌، هیوادارین به‌ زوویی له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا بودجه‌كه‌ په‌سند بكرێت و ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكرێت.

پێم سه‌یره‌ براده‌رانی یه‌كێتی، بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ن و نایه‌ن، ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێمان وا نییه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ببێته‌ شوێنی كێشه‌، به‌ڵكو هه‌موو به‌شدارانی حكومه‌ت پێویسته‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌یان هه‌یه‌، یان ره‌خنه‌ و قسه‌یان هه‌یه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران قسه‌ی خۆیان بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی راستی بێت دوای ئه‌وه‌ی هاوكار جاف له‌ هه‌ولێر شه‌هید كرا، ئێمه‌ داوامان كردووه‌ تۆمه‌تباران راده‌ستی یاسا بكرێن، كێشه‌كان گه‌وره‌ كرا، ئه‌گه‌ر ئێستاش تۆمه‌تباران، راده‌ستی یاسا بكرێن، لیژنه‌ی هاوبه‌شیش هه‌بن و لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا بكه‌ن، ئه‌مه‌ گرێ كوێره‌كه‌یه‌ و ده‌كرێت ده‌ست به‌ قسه‌كانی دیكه‌ بكرێته‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ وتومانه‌ حكومه‌ت حكومه‌تی هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌ و هیچ ناوچه‌یه‌ك جیاواز نییه‌ له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌، ناشكرێت بۆ بابه‌تی سیاسی یان شه‌خسیی، ناوچه‌گه‌رێتی بكرێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌ی و خه‌ڵكه‌كه‌ی لا گرنگه‌، هیوادارم بێن ئه‌ركی نیشتمانی خۆیان به‌جێبهێنن و به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكه‌ن.

كوردستان تی ڤی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ هه‌نارده‌ی به‌رهه‌می خۆماڵی، له‌م كۆڕبه‌نده‌ هیچ وڵاتێك ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ به‌رهه‌می خۆماڵی هه‌رێم بكڕێت، پرسیاری دووه‌میش: زۆر باش له‌ گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا كرا، ره‌نگه‌ هه‌رێم و عێراقیش پریشكی به‌ركه‌وێت و ئه‌وان چۆن ده‌توانن هاوكاری بكه‌ن؟

مه‌سرور بارزانی:

له‌ باره‌ی هه‌نارده‌ی به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئێستا بۆ چه‌ندین وڵاتی كه‌نداو به‌رهه‌م ده‌نێرین، بۆ ساڵانی داهاتوو به‌ نیازین هه‌نارده‌ فراوانتر بكه‌ین، به‌رهه‌می زیاتر بۆ كه‌نداو و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش ده‌نێرین.

لێره‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵات قسه‌مان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دان به‌ كوالێتی به‌رهه‌می خۆماڵی ئێمه‌دا بنێن و رێگه‌یان پێ بده‌ن، زۆریان هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و پێیان خۆشه‌، ئێستا قه‌یرانێكی ئاسایشی خۆراك له‌ جیهان هه‌یه‌. بۆیه‌ كوردستان بووه‌ته‌ جێی گرنگی بۆ ئه‌م وڵاتانه‌ و ده‌یانه‌وێت هه‌م ئێمه‌ بتوانین په‌ره‌ به‌ ژێرخانی ئابووری كشتووكاڵی خۆمان بده‌ین و هه‌میش ئه‌وانیش بتوانن سوودمه‌ند بن له‌و به‌رهه‌مانه‌ی هه‌مانه‌.

بابه‌تی كه‌شوهه‌وا جیهانییه‌ و عێراق یه‌كێكه‌ له‌ پێنج زیانمه‌ندترین وڵات كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ زیانی پێكه‌وتووه‌. هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بتوانین گرنگی به‌ چۆنێتی ئیداره‌دانی سامانی ئاو بده‌ین و چۆن بتوانین به‌روبوم زیاتر بكه‌ین، له‌وانه‌یه‌ بتوانین كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا كه‌مبكه‌ینه‌وه‌.

بابه‌تی كه‌شوهه‌وا جگه‌ له‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌م ده‌كات، له‌ زۆر شوێن ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایش و گۆڕانكاری دیموگرافی ناوچه‌كان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌وانه‌ ببینه‌وه‌، قسه‌مان له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان كردووه‌ و ئه‌وانیش گرنگی پێده‌ده‌ن و نایانه‌وێت، ئه‌و بابه‌ته‌ ببێته‌ هۆی كۆچی زیاتر به‌ره‌و ئه‌وروپا.

كوردستان24: چ مزگێنییه‌كت هه‌یه‌ بۆ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان؟

مه‌سرور بارزانی:

پێشتر جووتیارانمان نیگه‌ران بوون له‌ نه‌بوونی بازاڕی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، ئێمه‌ ئێستا هه‌وڵمانداوه‌، به‌رهه‌می جووتیارانمان وه‌ربگرینه‌وه‌ و كۆگای تایبه‌تیان بۆ دابین بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی جووتیار خه‌می ئه‌وه‌ی نه‌بێت، به‌رهه‌مه‌كه‌ی چی لێ بكات، له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا، ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌، بازاڕی بیانی بدۆزینه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌می ناوخۆییمان، دواتر كار ئاسانی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت و جووتیاران خۆیان له‌گه‌ڵ بازاڕی بیانی ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ بكه‌ن، تا زیاتر بتوانن خێراتر و باشتر ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی من داوای ده‌كه‌م، ئه‌وه‌یه‌ جووتیاران خۆیان بایه‌خ به‌ كوالێتی چه‌ندێتی و چۆنێتی به‌رهه‌مه‌كانیان بده‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ داهاتی خۆیان و داهاتی گشتیی یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت.

رووداو: هه‌ڵبژاردن دواكه‌وت، ئێوه‌ وه‌ك حكومه‌ت چی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن بكرێت، داوای ئێوه‌ له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ چییه‌؟

مه‌سرور بارزانی:

من له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووم، هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت و درێژ نه‌كرێته‌وه‌، به‌ هه‌ر حاڵ ده‌بێت ئه‌مساڵ هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بكرێت، من خۆم به‌ هه‌موو توانای خۆم پشتیوانی ئه‌وه‌م هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا بكرێت و هیچ رێگه‌ش به‌ بیانوو نه‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چیتر دوابخرێت. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌تیشه‌، دابینكردنی پێداویستییه‌كانه‌، ئاماده‌ین جێبه‌جێی بكه‌ین، به‌شێكیشی لایه‌نی یاساییه‌، هیوادارم ئه‌وانیش چاره‌سه‌ر بكرێن و ئیتر به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو و بێگه‌رد.

كوردستان تی ڤی: سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق چووه‌ به‌رلین، قسه‌ له‌سه‌ر وزه‌ كرا، ئایا هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌و پرسه‌؟

مه‌سرور بارزانی:

ئێستاش ئێمه‌ به‌شێكین له‌ هه‌نارده‌ی وزه‌، نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێمان خۆشه‌ رێككه‌وتنی نێوان ئێمه‌ و به‌غدا رێگه‌ خۆشكه‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی وزه‌دا بكه‌ین و هه‌م به‌رهه‌می ناوخۆیی زیاد بكه‌ین و هه‌میش رۆڵێكی باشترمان هه‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ی له‌ جیهاندا هه‌یه‌.