چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەفین دزەیی: وەزارەتی ناوخۆ لەسەر رووداوەکەی مێردین بانگهێشتی کونسوڵی گشتی تورکیای کردووە

 

سه‌فین دزه‌یی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر رووداوەکەی شەوی رابردووی سنووری پارێزگای مێردین، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کە وەزارەتی ناوخۆ بانگهێشتی کونسوڵی گشتی تورکیای کردووە.

سەفین دزەیی سەرەخۆشی لە کەسوکار و خانەوادەی قوربانیانی هێرشە چەکدارییەکە کرد.

گوتیشی: هەر ئەمڕۆ لە وەزارەتی ناوخۆوە بانگهێشتی کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کراوە، بۆئەوەی ناڕەزایەتی خۆمان دەرببڕین.

هەر سەبارەت بە هێرشە چەکدارییەکە سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەدا، داواکراوە بە زووترین کات بەدواداچوونی جددی بۆ ئەو رووداوە بکرێت و ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی رابگەیەندرێت، هەروەها ئەوانەشی لەپشت ئەو هێرشەوە بوون، لەرێگەی دادگاوە سزا بدرێن.

شەوی رابردوو (18/19ـی کانوونی دووەم) لەسەر رێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان هێرشی چەکداری کرایە سەر پێنج ئەندامی یەک خێزان کە دانیشتووی پارێزگای دهۆک بوون، لە ئەنجامدا هەموویان گیانیان لەدەستدا.