مریشكی دایكانەی هەرێمی كوردستان دەنێردرێتە عێراق و ئوردن

پڕۆژەی مریشكی دایكانە، یەكێكە لەو پڕۆژانەی بە یارمەتی و هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت؛ پڕۆژەكەش بریتییە لە هاوردەكردنی جوچكە لە وڵاتی سكۆتلەندا بۆ هەرێمی كوردستان و بەخێوكردنیان لە ناوخۆدا، تاكوو بۆ خواردن ئامادە بكرێن و خواست لە بازاڕدا پڕبكەنەوە.

كاوە مستەفا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕاسۆن، كە بەو پڕۆژەیە هەڵدەستێت، دەڵێت: “پڕۆژه‌ی ڕاسۆن بۆبەرهەمهێنانی دایكانەی‌ مریشكە، بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت و هێلكە. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێویستیی بازاڕی هه‌رێمی كوردستان و به‌شێك له‌ بازاڕه‌كانی عێراق پڕ ده‌كاته‌وه، بەشێوەیەك دەتوانین 40% بۆ50%ی خواستی بازاڕی عێراق پڕبكه‌ینه‌وه. هەروەك چۆن له‌ ساڵی ڕابردوودا بەرهەممان بۆ وڵاتی ئوردن هه‌نارده‌ كردووه‌. پڕۆژەكە له ‌ساڵی 2022، نزیكەی 750 هه‌زار مریشكی خستووەتە‌ بازاڕەكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق وڵاتی ئوردن. هه‌روه‌ها ملیۆنێك جوچكه‌ی گۆشتمان ناردووه‌ته بازاڕەكانی عێراق. به‌رهه‌می سه‌ره‌كیمان جوچكه‌ی داكانه‌یه ‌(كەڵەباب و مریشك)، هه‌روه‌ها جوچكه‌ی گۆشتیش ده‌خه‌ینه‌‌ بازاڕەوە.”

لەبارەی دەگمەنی و گرنگیی پڕۆژەكەوە ڕایگەیاند: “له‌ عێراقدا ته‌نیا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌یه‌ و له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشدا پڕۆژه‌ی له‌و جۆره‌ كەمن؛‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌خێوكردنی ئەو مریشكانە ئاسان نییە و بۆ بەخێوكردنیان خەڵكی تایبەتمەند پێویستە. له‌م پڕۆژه‌یه‌دا 60 كارمه‌ندی ناوخۆیی و بیانیمان هه‌ن كه‌ له‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌كاندا كار ده‌كه‌ن.”

لەبارەی بەرهەمی هێلكەی ئەم جۆرە مریشكەوەش، گوتی: “ئەم جۆرە مریشكانە ساڵانە نزیكەی 170 بۆ 175 هێلكە دەكەن، بەم پێیە ڕەنگە بگاتە 100 ملیۆن مریشكی خواردن. بۆیە ئەگەر ڕێژەكە لێكبدەینەوە، گەر هەر مریشكێك 2 كیلۆ بێت، ساڵانە دەكاتە نزیكەی 200 ملیۆن كلیۆگۆشت”.

لەبارەی جۆری ئەو مریشكە دایكانەیەی بەرهەمدێت، گوتی: ” ئەو جوچكەی بەرهەمیدەهێنین (رۆس 308)ە، لە دنیادا بەناوبانگ و بەربڵاوە. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە هاوكارییەكی زۆر باشمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە و ئاسنكاریمان بۆ دەكەن؛ لەبەر ئەوەی ئێمە هەم جوچكە دەهێنین و هەم جوچكە ڕەوانە دەكەین. ئەوەش پێویستی بە هەماهەنگی و گفتوگۆی بەردەوام هەیە.”

شیاوی باسە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتییەكی تایبەتی پڕۆژە تایبەتەكانی كشتوكاڵی و پەلەوەری دەكات و مەبەستییەتی كەرتی تایبەت ڕۆڵی گرنگی ئابووری خۆی بگێڕێت و ببێتە هۆی بووژانەوەی زیاتری ئابووریی كوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
‎15ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣