نزیکەی پێنج ساڵ و سێ مانگە کەرکووک لە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندی و سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدایە و کورد چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی ئیداری و سیاسی ڕۆڵێکی ئەوتۆی لەم شارە نەماوە. داوا دەکرێ شارەکە لە میلیشیاکان پاک بکرێتەوە و دۆخی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێیی بسپێردرێت و پێشمەرگەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ئاسایشی سنوورەکە دابین بکات و هەنگاوی جددی بنرێ بۆ جێبەجێکردنی ماددەی سەد و چل .
حکوومەت و حزبە سیاسییەکانی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی بتوانن کۆتایی بە بوونی میلیشیاکان لەو شارە بهێنن و بەگوێرەی دەستوور بە هاوبەشی سوپای عێراق ئاسایشی سنوورەکە بپارێزن. سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە هەرچەندە هەماهەگی و تەنانەت ڕێککەوتنی سەربازی لە نێوانیان هەیە، بەڵام ئەو هاوکارییە سنووردارە و لە ئاستی ویست و داخوازییەکانی گەلی کورددا نییە. هەر لەم ڕووەوە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ڕێککەوتنی سیاسییان واژۆ کردووە بەڵام بڕگە و خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون.
دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ و پاشان ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوی لە سنووری مادەی ١٤٠ کشانەوە و بە پراکتیکی ئیدارە و ئاسایش و کۆنترۆڵی سنوورەکە کەوتە دەستی حکوومەتی ناوەندی و هێزە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
لەو کاتەوە بوونی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەکە زیادی کردووە و بۆشایی ئەمنی وایکردووە تیرۆریستانی داعش مەترسی زیاتر بۆ سەر خەڵک و دامەزراوەکانی حکوومەت بهێننە کایەوە. لەو ماوەیەدا دەیان کەس ڕفێنراون و دەیانی تر کوژراون و زیانێکی زۆر بە دانیشتووانی ناوچەکە کەوتووە؛ لەوەتەی پێشمەرگە لەوێ کشاوەتەوە خەڵک ئارام و قەراریان لێ هەڵگیراوە، ئەوە جگە لەو هەزاران کەسەی کە بە ناچار ناوچەکەیان جێهێشتووە و ڕوویان لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان کردووە.
لە چەند ڕۆژی رابردوودا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی. سەرۆکی حکوومەت لە گەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، حکوومەت، سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆ بووەوە و پێداگری لە گرنگیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە. جگە لە پرسی بودجە و مافەکانی پێشمەرگە و پرسی یاسای نەوت و گاز، باس لە پرسی مادەی ١٤٠ کراوە و چارەکردنی بە پێویست زانراوە.
جێی باسە مادەکە لانی کەم ١٥ ساڵ لەمەوبەر دەبوایە هەر سێ قۆناغەکانی بە تەواوی جێبەجێ کرابایە، بەڵام تەنیا قۆناغێکی بە نیوەچڵی کراوە و لە پێنج ساڵی ڕدابردووشدا دۆخی سنوورەکە لە جیاتی چاککردن، خراپتر کراوە.
هەفتەی ڕابردووش ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوای لە حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی کرد کە دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک ڕ|ادەستی پۆلیسی شارەکە بکات و هەرچی زووە هێزە سەربازییەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی شارەکە چۆڵ بکەن.
جێی باسە تا ساڵی ٢٠١٧ پارێزگارەکانی کەرکووک کورد بوون و کورد ئیدارەی شارەکەی بەدەستەوە بوو، بەڵام لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ڕاکان جبووری کرایە پارێزگاری کەرکووک و لەو کاتەوە لەسەر پۆستەکەی ماوەتەوە. ئەو ڕۆڵی زۆر نەرێنی بینیوە لە پەرەپێدانی تەعریب و دەرکردنی جووتیارانی کورد لەسەر زەوییەکانیان و کێشەنانەوە بۆ دانیشتووانی کوردی پارێزگاکە کە زۆرینەی دانیشتووان پێک دەهێنن.
جگە لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان و نوێنەرانی کورد، خەڵکی کەرکووکیش لە دۆخەکە ڕازی نین و دەڵێن هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک بە بێ هۆ زۆر جار پەلاماری ماڵەکانیان دەدەن و کێشە بۆ خەڵک دەهێننە کایەوە.
مانگی ڕابردوو عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق پێداگری لەوە کرد کە مافی دانیشتووانی کەرکووک بە ئاشکرایی پێشێل دەکرێت و لەو پێشێلکارییانەش کورد پشکی شێریان بەرکەوتووە و بۆیە کاتی ئەوە هاتووە یەکسانی و دادپەروەری لە پارێزگاکە بێتە کایەوە.