شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

لە شارەوانیی هەولێر بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان كرا

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی کانوونی دووەم، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێری كرد و لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی و كارمەندانی لیژنەی پێدانی مۆڵەت كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەكە لە سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و جێگری سەرۆكی شارەوانی و ژمارەیەكی دی لە بەرپرس و كارمەندانی لیژنەی مۆڵەت بەشدار بوون، ساسان عەونی، بەدواداچوونی بۆ كاروباری لیژنەی مۆڵەت و چۆنیەتیی ڕاییكردنی ئیشوكاری هاووڵاتییان كرد.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جگە لە سوپاس، داوای لێ كردن كە پێویستە بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان ئیشوكاری هاووڵاتییان بە باشترین شێوە ڕایی بكەن و هەست بە بەرپرسیارییەتی بكەن. ئاماژەی بەوەش كرد “ئەو هاووڵاتییانەی بۆ مامەڵەكانیان سەردانتان دەكەن، نابێت بە نیگەرانییەوە بگەڕێنەوە؛ گرنگە بەپێی یاسا بە باشترین شێوە خزمەتیان بكرێت، چونكە حكومەت حكومەتی هاووڵاتییانە و دەبێت هاوكار و خزمەتكاریان بین”.

یەكێك لەو بنەمایانەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كاری لەسەر دەكات، بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی خێرای كاروبار و داوای هاووڵاتییانە، ئەمەش وەكو پرەنسیپێكی گرنگی حوكمڕانیی باش سەیردەكرێت و كاری بۆ دەكرێت.