دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

رێباز حه‌ملان: مه‌سرور بارزانی بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق چووه‌ته‌ به‌غدا


یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، مه‌سرور بارزانی به‌ پلان و به‌رنامه‌ كارده‌كات، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێی عێراق چووه‌ته‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر بیزانیبایه‌ رێككه‌وتن ئه‌نجامنادرێت، نه‌ده‌چووه‌ به‌غدا. له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كورستانیش له‌ بودجه‌ی گشتی 2023ـی عێراق، ناوبراو رایگه‌یاند، “هیوامان هه‌یه‌، پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 12.67%ـه‌وه‌ بكرێته‌ 14%”.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (11ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەت، گەیشتە بەغدا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکانی عێراق، سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک کۆمار لەتیف رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەممەد حەلبووسی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری فائق زێدان کۆدەبێتەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌، رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، “هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو له‌ عێراق رووبدات كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، به‌هه‌مان شێوه‌، هه‌ر رووداوێكی نه‌خوازراو له‌نێو هه‌رێمی كوردستاندا رووبدات، كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر عێراق ده‌بێت، باشترین نموونه‌ش بۆ ئه‌و چه‌نده‌، به‌رزبوونه‌وه‌ و نزمبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلاره‌، كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی كردووه‌ته‌ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش”.

به‌گوته‌ی رێباز حه‌ملان، مه‌سرور بارزانیی به‌مه‌به‌ستی دووپاتكردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و رێككه‌وتنه‌ی، كه‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق كراوه‌، سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌ و ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا جێبه‌جێبكرێت.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، مه‌سرور بارزانی له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق، بابه‌تی نه‌وت و غاز، جێه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و شاره‌، جێه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و چه‌ندین پرسی دیكه‌ تاوتوێده‌كات.

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه‌، یه‌كێكی دیكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كات پرسی پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی 2023دا. گوتیشی، “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت پشكی هه‌رێم له‌ 12.67%ـه‌وه‌ بكرێته‌ 14%، له‌ كاتێكدا پێشووتر 17% بوو، به‌ڵام ئێستا هیوایه‌ك هه‌یه‌ پشكی هه‌رێم بكرێته‌ 14%، چونكه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی رابردووی نێوان شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدادا گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ كراوه‌”.