خدر قادر، سەرۆكی بزوتنەوەی دیموكراتیی گەلی كوردستان:یەكڕیزی و تەبایی پارتی و یەكێتی مایەی كەمكردنەوەی مەترسیە دەرەكیەكانن

خدر قادر، ناسراو بە (مام خدر) سەرۆكی بزوتنەوەی دیموكراتیی گەلی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا دەڵێت: لەگەڵ دامەزرانی حكوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەستێوەردانی دەرەكی هەبوون ‌و مایەی تێكدانی ماڵی كورد و مەترسی لەسەر هەرێمەكەمان بوون. دەشڵێت: خۆشبەختانە نەتەوەی كورد سەركەوتووە بەسەر پیلانی داگیركەراندا و لەسەر پێی خۆی وەستاوە.

  • نوێترین پڕۆژەی سیاسیتان چییە واتا حیزبەكەتان ئێستە سەرقاڵی چ پرۆژەیەکە ؟
  • نوێترین پرۆژە ی سیاسی ئێمە، ماوەیەكە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیە چەپەكان خەریكی پرۆژەی هاوبەشین بەناوی (لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان) كارەكانمان چڕكردۆتەوە لەسەر بنەمای فكری و نیشتیمانی كارە هاوبەشەكانمان ئەنجام دەدەین. لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان ئێستا پێكدێت لە حزبی شیوعی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشان و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان. ئەم پرۆژەیە بنەمایەكی كاری هاوبەشی داڕشتووە و لەسەر ئەم پرۆژەیە بەرنامەیەكی دیاریكراو كە عەدالەتی كۆمەڵایەتی و پرسە نیشتیمانیەكان و مافە فەردی و مەدەنیەكان لە كۆمەڵگەدا، سەرخەتی گشتی پرۆژەكانمانە .
  • لەماوەی بیست ‌و حەوت ساڵی ڕابردوودا كارە سیاسی ‌و جەماوەریەكانتان بۆ گەلی كوردستان چی بوون؟
  • بزووتنەوەی دیموكراتیی گەلی كوردستان، لە قوڵایی جەولەكانی شەڕی نەگریسی براكوژی دامەزرا و بووە جێگای ئومێدی بەشێكی زۆری خەڵك و هەر لە ساتی دامەزراندنمانەوە بەشێك بووین لە هەوڵی كپكردنەوەی بلێسەی ئەو شەڕە و ڕۆڵێكی ئیجابیمان گێڕا لە كاڵكردنەوەی دەسەڵاتی حزب بەسەر زۆنەكاندا.
  • چیتان كردووە بۆ مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان لە ئێستەو ڕابردودا؟
  • ئێمە ڕامانگەیاندووە هێزێكی چەپی دیموكراتخوازین و باوەڕمان بە (ئاشتی-دیموكراتی- دادی كۆمەڵایەتی) و هەموو مافە مەدەنی و سیاسی و ئابورییەكان هەیە و لەم پێناوەشدا خەباتمان كردووە و كار و پرۆژەمان هەبووە.
  • بەردەوام لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە مافەكانی گەلی كوردستان پێشێل دەكرێت، ئێوە لەوبارەیەوە هەڵوێستتان چییە؟
  • زۆر بە دڵنیاییەوە دەمەوێت ڕاستیەك بۆ ئێوە و خەڵكی كوردستان ڕوونتر بكەمەوە، هەمووکات بنكە و بارەگاكانمان ، شوێنی ناڕەزایەتی و چالاكی بەردەوام بووە لە دژی لەشكركێشی وڵاتانی ناوچەكە، تۆپبارانەكان، ئێمە دژی هەموو هەوڵێكی داگیركارین.
  • دۆخی سیاسی هەرێم ئاڵۆزە، بۆچی گرنگە پارتی و یەکێتی پەیوەندییان باش بێت ؟
  • بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان دانیشتن و گفتوگۆ باشترین چارەسەری تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و ناكۆكییەكانی نێوانیان لە بەرژەوەندی ئەزموونەكەشە، چونكە واقع حاڵیك لە ئارادایە كە حكومڕانیی لەدەستی ئەو دوو هێزە دایە و ئەگەر ناكۆكیەكان قوڵبوونەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت خەڵك و كۆمەڵگاش تووشی كیشە دەكەن. .
  • حزبەكانی كوردستان چی بكەن باشە تا كورد بە سەنگ و هێزەوە لە بەغدا بێت؟
    خدر قادر: هێز و لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی فەرامۆش نەكرێن و هەماهەنگی جددی هەبێت لەنیوانیان، ئینجا دەتواندرێت هێز و قورسایی كورد زۆر لەئیستا زیاتر و بەهێزتربێت.
  • لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، بۆچوونتان چییە؟
  • ئێمە و نوێنەرەكەی ئێمە لەلیستی ئازادی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكان نەبووینە و پێشمان كارێكی باش نییە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی دونیای دیموكراسیدا، ڕووی هەرێمی كوردستان ناشیرین بكات.

هەولێر: لە كوردستان تا ئێستە دەستوور نییە، نەبوونی دەستور زیانەكانی چییە؟

  • ئێمە لەگەڵ یەكەمین پرۆژە لەبارەی دەستور پشتگیریمان كردووە، تاكو ئێستاكەش هەر پرۆژە یاسایەك لەبارەی دەستوورەوە هاتبێت ئێمە پشتگیری و سەرنجی خۆمانداوە لەدوایین سەرنجیشدا هاوشان لەگەڵ هەریەك لە حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشان، لە پرۆژەیەكی هاوبەشدا بەناوی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان سەرنج و تێبینیەكانی خۆمان بۆ پەرلەمانی كوردستان ناردووە. نەبوونی دەستوور یەكێكە لە فاكتەرە بەهێزەكانی مەترسی سەر هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی .