پارێزگاری هەولێر: ئومێد دەكەین بتوانین دەستی ئاوەدانی بەشێوەیەكی یەكسان بگەێنین بە هەموو شوێنێك

پارێزگاری هەولێر، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی چەندین شەقامی ناوخۆیی گەڕەكی سەڵاحەدین-ی بەسەركردەوە، كە بەگوژمەی نزیكەی (170 ملیۆن دینار) دەست بە جێبەجێكردنی كراوە
ئەمڕۆ سێشەممە 2023.1.3، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود كاڕەش، جێگری پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری شارەوانی دوو و ژمارەیەكی دیكە لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیاران، بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكان، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و كۆنكرێتكردن و قیڕتاوكردنی چەندین شەقامی ناوخۆیی گەڕەكی سەڵاحەین-ی بەسەركردەوە، كە بەگوژمەی (169 ملیۆن و 260 هەزار دینار) لە سەر بودجەی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و بەشێوەی بەڵێندەرایەتی دەست بە جێبەجێكردنی كراوە.
پارێزگاری هەولێر دوای بەسەركردنەوەی پڕۆژەكە، وێڕای دەستخۆشی لە ئەندازیاران و كرێكار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، پیرۆزبایی لە دانیشتوانی گەڕەكی سەڵاحەدین كرد بەبۆنەی دەستكردن بەم پڕۆژەیە و ڕایگەیاند: ” ویستی ئێمە بۆ گەیاندن و پێشكەشكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ ئەم گەڕەكە و سەرجەم گەڕەك و شوێنەكانی تری سنووری پارێزگاكەمان زۆر لەوە زیاترە”.
گوتیشی: “ساڵی ڕابردوو لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و بودجەی سەربار و لە سەرداهاتی 15%ی سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر و بودجەی تایبەت بۆ پڕۆژەكان، ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەمان لە سنووری پارێزگاكەمان ئەنجامدا، بۆ ئەمساڵیش لەژێر ڕێنماییەكانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەروكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئومێد دەكەین بتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی و دەستی ئاوەدانی بەبێ جیاوازیی لە ناو شار و دەرەوەی شار بەشێوەیەكی یەكسان بگەێنین بە هەموو شوێنێك بەتایبەتی گەڕەكە هەژار نشینەكان و ئەو شوێنانەی كە كەمترین دەستی خزمەتگوزاریی و ئاوادانیان پێگەیشتووە”.