داهاتى گه‌شتیاریی سلێمانی له‌ ساڵی 2022 زیادیكردووه‌

داهاتی شاری سلێمانی له‌ ساڵی 2022 له‌چاو ساڵانی پێشووتر زیادیكردووه‌ و به‌پێی ئاماره‌كانی گه‌شتوگوزاری سلێمانی، له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ هه‌زار و 600 شوێنی گه‌شتیاری هه‌یه‌.

بۆ به‌شداریكردن له‌ ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵی نوێی 2023، زیاتر له‌ 40 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگای سلێمانی كرد، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ سه‌ری ساڵی رابردوو نزیكه‌ی 30 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ سلێمانی كردبوو.

به‌پێی زانیارییه‌كانی گه‌شتوگوزاری سلێمانیش، ئه‌و گەشتیارانه‌ی روویان له‌ سلێمانی كردبوو، بە پلەی یەکەم گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و بە پلەی دووەم گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئارام شوانی، گوته‌بێژی گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌ ساڵی رابردوو، 68 مۆڵه‌ت دراون بۆ كردنه‌وه‌ی شوێنی گه‌شتیاری نوێ، و ئێستا له‌ سلێمانی، هەزار و 600 شوێنی گەشتیاری له‌ هۆتێل، مۆتێل، چێشتخانه‌ و شوێنی دیكه‌ی گه‌شتیاری لە سلێمانیدا هەن.

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی گه‌شتوگوزاری سلێمانی، له‌ ساڵی 2022ـدا، ملیۆنێك و 100 هه‌زار گه‌شتیار زیاتر روویان له‌و پارێزگایه‌ كردووه‌ له‌ چاو ساڵی 2021، بهم پێیه‌ش داهاتی گه‌شتیاری رابردوو، 16% له‌ ساڵی رابردوودا زیادیكردووه‌.