گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر: لەسەری ساڵی نوێدا هەولێر ژمارەی پێوانەیی لەهاتنی گەشتیاردا تۆماردەکات


به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، لە میانه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی سەری ساڵی نوێدا، هەولێری پایته‌خت ژمارەی پێوانەیی لەهاتنی گەشتیاردا تۆماردەکات.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 2ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: بە مەبەستی هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی باشتر بایەخ بە سێكتەری گەشتوگوزار دەدات و چەندین هەنگاوی چاكسازی و ئاسانكاری لە بەرژەوەندی سێكتەرەكەدا گرتووەتەبەر.

له‌باره‌ی ئامار و داتاكانی هاتنی گه‌شتیاران، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، لە ماوەی ساڵی 2022دا زیاتر لە دوو ملیۆن و حەوت سەد و پەنجا و دوو هەزار، گەشتیاری ناوخۆ، پارێزگاكانی عێراق و  خه‌ڵكی بیانی، سەردانی هەولێر و دەوروبەریان كردووە.

هەروەها روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، تەنیا لە ماوه‌ی پشووەکانی سەری ساڵی2023دا،  شەست و یەک هەزار و شەشسەد و پەنجاو هەشت گەشتیار بە مەبەستی بەشداریکردن لەچالاکییەکانی ساڵی نوێدا، سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووه‌.

گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر سوپاسی سەرجەم تیمەکانی ئاسایش، پۆلیس و تیمەکانی خزمەتگوزاری ده‌كات، وێرای ئاراسته‌كردنی سوپاس بۆ کارمەندانی گەشتوگوزاری هەولێر کە لەسەرەتای هاتنی گەشتیاران لەدەروازەکانەوە لەپێشوازی گەشتیاراندابوون.