لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی ئەو پلانەی دایاننابوو، وەزارەتەکەیان توانیویەتی لە ساڵی رابردوودا ٥٥%ی داهاتی وەزارەتەکەیان زیاد بکەن و بەشێکی ئەو داهاتەش بۆ خزمەتگوزاری شارەوانییەکان خەرج دەکرێتەوە.
ساسان عەونی رایگەیاند:” لەسەر راسپاردە و رێنماییە بەردەوامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی، لە بەر رۆشنایی ئەو رێنماییە بەردەوامانە، ئێمە وەکو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەردەوام لە هەوڵی رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکانمان بووین کە بەپێی پلانێک کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ساڵی ٢٠٢٢مان دانا و ئامانجان ئەوە بوو کە بتوانین داهاتەکانمان ٣٥% بە بەراورد بە داهاتەکانی ساڵی ٢٠٢١ زیاد بکەین، دەتوانین بڵێین تاوەکو ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ کە دوا رۆژی دەوامی فەرمی دامودەزگاکان بوو، داهاتی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ٣٠٦ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بووە کە بە بەراورد بە رێژەی پارساڵ و ئەو پلانەی داماننابوو، توانیومانە ٥٥% داهاتەکانمان زیاد بکەین.”
وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار گوتیشی:” پلانی خۆمان ئەوەبوو کە داهاتەکە ٣٥% بێت، بەڵام بە هەوڵ و توانای وەزارەت و هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و هەموو سەرۆکایەتییە گشتییەکان و سەرۆکایەتییە شارەوانییەکان، هەموو فەرمانگەکان و دەستەی گەشتوگوزار و هەموو فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، توانرا رێژەی داهاتمان ٥٥% بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ زیاد بکەین.”
ساسان عەونی ئاماژەشی بەوەدا کە ئەوان بە دوو شێوە دەتوانن سود لەو داهاتە وەربگرین کە ١٥%ی ئەو داهاتە لە هەر سەرۆکایەتییەکی شارەوانی لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی دەکرێتەوە خزمەتگوزاری بۆ هەمان شارو شارۆچکە و خزمەتگوزاری شارەوانی پێ ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە کەرتی ئاویش روونیکردەوە کە ١٧%ی ئەو داهاتە دەکرێتەوە پرۆژەی خزمەتگوزاری و پرۆژەی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆی لە شارو شارۆچکەکان پێ ئەنجام دەدرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣