یەکێتی پیاوانی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵی 2022 لە سەرجەم لقەکانیان 534 حاڵەتی سکاڵا و توندوتیژی بەرامبەر پیاوان تۆمارکراوە و 65 پیاو خۆیان کوشتووە و پێنج پیاوی دیکەش کوژراون.
ئەمڕۆ شەممە (31ـی کانوونی یەکەمی 2022) بورهان عەلی سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، ئاماری چالاکییەکانی رێکخراوەکەی راگەیاند و گوتی، “ئەمساڵ 534 حاڵەتی سکاڵا و توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان لە سەرجەم لقەکانی رێکخراوەکەمان تۆمارکراوە، 65 پیاو خۆیان کوشتووە و پێنج پیاوی دیکە، لەلایەن هاوسەرەکانیان و بەهاوکاری کەسانی دیکە کوژراون”.
ئەو، باسی لەوەشکرد، “لەکۆی ژمارەی سکاڵا و توندوتیژییەکان، 213 حاڵەت دەستبەسەرداگرتنی منداڵ یان جیابووە، 193 حاڵەت دەستوەردانی کەسوکار لە کێشەکانی خێزان، 45 حاڵەت خیانەتی هاوسەری، 37 حاڵەت دەرکردنی پیاوی بەتەمەن، 12 حاڵەتی فشاری دەروونی و سێکسی، نۆ حاڵەتی توندوتیژی جەستەیی و هەشت حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی مووچە بووە.
بەگوتەی بورهان عەلی، ئەمساڵ شێوازێکی نوێی توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان تۆمارکراوە، کە پێشتر حاڵەتی لەو شێوەیەیان نەبووە، ئەویش بریتییە لە “هەڕەشەی میدیایی و ئەلکترۆنی و ناوزڕاندن یان توندوتیژی سۆشیاڵ میدیا، کە 17 حاڵەت بووە”.
خۆکوشتنی پیاوەکانیش بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە، سلێمانی 26 حاڵەت، هەولێر 23 حاڵەت، دهۆک هەشت حاڵەت، کەرکوک شەش و هەڵەبجە دوو حاڵەت بووە.
یەکێتی پیاوانی کوردستان، یەکێکە لە رێکخراوەکان کە تایبەتە بە بەرگریکردن لە مافی پیاوان، بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە و بەدواداچوون بۆ ئەو کێشە و گرفتانە دەکات کە لە خێزاندا رووبەڕووی پیاوان دەبێتەوە.