به‌رگری شارستانی هه‌ولێر: ئاگره‌كه‌ی رێگه‌ی گوێڕ كۆنترۆڵكرا

به‌رگری شارستانی هه‌ولێر كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌ی پاڵاوگه‌یه‌كی رێگه‌ی هه‌ولێر – گوێڕی راگه‌یاند.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (27ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ئاگر له‌ پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وت له‌ نزیك گوندی ته‌رجانی رێگه‌ی نێوان هه‌ولێر – گوێر كه‌وته‌وه‌ و به‌پێی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، كه‌سێك برینداربووه‌ و زیانێكی زۆری ماددی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا، سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌وڵێر رایگه‌یاند، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ و حه‌وت ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌ سه‌رقاڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كهن

ئاگره‌كه‌ كاتژمێر 4:30ـی ئێواره‌ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هۆی ته‌قینی چه‌ند تانكێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتنی سووته‌مه‌نی و له‌ ئه‌نجامدا رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ سووته‌مه‌نی رژاوه‌ و تا زیاتر له‌ 100 مه‌تر له‌ ده‌ورووبه‌ری ئاگره‌كه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ دروستكردووه‌.