پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە ٧٥ رۆژدا قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆڕی ئیفرازی سێ تەواو دەبێت

له‌ڕابردوودا زۆرجار به‌شێك له‌ دانیشتووانی شاری هه‌ولێر به‌هۆی شكانی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ، تووشی كێشه‌ی كه‌مئاوی ده‌بوونه‌وه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا به‌ گۆڕینی ئه‌و بۆڕیه‌ و ته‌رخانكردنی گوژمه‌یه‌كی دیاریكراو بۆی.
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ،به‌ پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:”به‌هۆی ئه‌وه‌ی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، ئاوی پاک بۆ ٤٠%ی دانیشتووانی هەولێر دابین دەکات، کە زیاتر لە ١٦٠ هەزار هاوبەشی ئاو لە خۆ دەگرێت، بۆیه‌ شكانی بۆڕییه‌كه،‌ ده‌بووه‌ كێشه‌یه‌ك بۆ به‌شێك له‌ دانیشتووانی پارێزگای هه‌ولێر، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەرخانکردنی نزیکەی ٢١ ملیار دینار، بڕیاری گۆڕینی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێی دا بە درێژیی ١١ کیلۆمەتر و ئێستا کارەکانی قۆناغی یەکەم دەستیپێکردووە كه‌ درێژیه‌كه‌ی ٢ هەزار ٧٥٠ مه‌تره‌ و ده‌كه‌وێته‌ نزیك وێستگه‌ی مارعۆدا”.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، ئاماژەشی بەوەدا کە ئه‌و بۆڕیه‌ی پێشتر به‌كارهاتبوو له‌ جۆری فایبه‌ر گلاس بوو، کە بەپێی پێوه‌ری رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی رێگه‌پێدراو بوو، به‌ڵام به‌رگه‌ی فشاری ئه‌و په‌مپانه‌ی ناو وێستگه‌كه‌ی نه‌ده‌گرت، بۆیه‌ ئه‌و به‌شەی‌ زۆرجار تووشی شكان ده‌بوو. ئه‌و بۆڕیه‌ی ئیستا دانراوه‌ له‌ جۆری كاربۆن ستیله‌ و به‌رگه‌ی ٣٧ باڕ ده‌گرێت و كوالێتییه‌كه‌ی زۆر باشه‌ و تیرەکەی هەزار و ٥٠٠ مللیمەترە و ئەستوورییەکەشی ١٤ مللیمەترە، بۆڕییەکان بە پێنج چین لەحیم پێکەوە دەبەسترێنەوە.
بە تەواوبوونی کارەکان کێشەی شکانی بۆڕی ئیفراز سێ لە هەولێر کۆتایی پێدەهێنرێت، بۆرییە نوێیەکەی ئیفراز سێ توانای هەیە لە کاتژمێرێکدا ١٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بگوازێتەوە و بەراورد بە بۆڕییە کۆنەکەش زۆر پتەوترە.
زەردەشت سەرسام دەڵێت:”هاووڵاتیان دڵنیا بن‌ كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بێت، و ماوه‌ی ته‌واوكردنی گۆڕینی بۆڕییه‌كەش‌ ٩٠ رۆژ بوو، به‌ڵام بڕیار وایه‌ به‌ ٧٥ رۆژ به‌ڵێنده‌ر ته‌واوی بكات، دوای ته‌واو بوونیشی و تێستكردنی ته‌نیا دوو رۆژ پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان هاوكارمان بن تاكو بۆڕییه‌كان به‌یه‌كتر ده‌به‌سترێنه‌وه‌”.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەشی بەوەدا کە، قۆناغی دووه‌م كه‌ له‌ داهاتوو كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت کە له‌ وێستگه‌ی ئیفرازه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات چونکە هه‌ندێك جار جگه‌ له‌ ئیفراز سێ لە هه‌ردوو پڕۆژه‌ی ئیفراز یه‌ك و دوو شکان روویدەدا و گوتی:” لە کاتی کارکردن لە قوناغی دووەم بیره‌كان ئاوی پاك بۆ ماڵان دابین ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌كاركردن له‌م به‌شانه‌ی ئیفراز هاوبه‌شانی ئاو له‌ پارێزگای هه‌ولێر هیچ گرفتێكی ئه‌و تۆیان بۆ دروست نابێت.”

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٢١ـى كانوونى یه‌كه‌می ٢٠٢٢