هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێک بۆ چاندنی 25 هەزار نەمام ئەنجامدەدات


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لە سنووری شارەوانییەکانی سلێمانیدا 25 هەزار نەمام دەچێندرێت، کە نەمامەکان لە نەمامگەی شارەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کە ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی کانوونی یەکەمی 2022) بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، لە هەڵمەتێکدا 25 هەزار نەمام دەچێنن، کە دابەشكراوە بەسەر 34 شارەوانیدا.

لەبارە چاندنی نەمامەکانەوە، بەختیار محەمەد، لێپرسراوی باخچەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی دەڵێت، هەڵمەتەکە لە سەرەتای مانگی 12 ەوە دەستیپێکردووە و ئێستا نزیکبوونەتەوە لە قۆناغی کۆتایی.

ئەو 25 هەزار نەمامەی شارەوانی لە هەڵمەتەکەیدا دەیچێنێت لە نەمامگەکانی (دەربەندیخان، دووكان، بانی مەقان، سەرچنار و شازاد سائیب) وەرگیراون.

لێپرسراوی باخچەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشداوە، لە ساڵانی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی، بەبێ بەرامبەر نزیكەی 70 هەزار نەمامیان بۆ دابینكردوون، ئەو هاوكارییە هۆکار بووە بۆئەوەی رێژەی سەوزایی بگاتە نزیکەی 19٪.