سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سامان عارەب: گەورەترین پڕۆژەی سامانی ئاژەڵ لە ھەولێر دروست دەکرێت

پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان لە بواری ئاژەڵداری لە ھەولێر دروست دەکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێریش دەڵێ، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵییە و ھەلی کار بۆ چەندین کەس دەڕەخسێنێت.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پڕۆژەیەکی گەورەی کشتوکاڵیی سامانی ئاژەڵ لە کەرتی دووی ئارمجە لەسەر ڕووبەری ٢٦٩ دۆنم لەلایەن وەبەرھێنەرێکی ناوخۆوە بە سەرمایەی ٨١ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ماوەی ٢٤ مانگدا جێبەجێ دەکرێت.”

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتیشی: “پرۆژەکە ستراتیژییە و لە بەخێوکردن و فرۆشتن و سەربڕخانەی ئاژەڵ و کارگەی ئالیک پێک ھاتووە و ڕووبەرێکی زۆری سەوزاییش لەنێو پڕۆژەکەدا ھەیە.”

سامان عارەب ڕوونی کردەوە: “ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی بواری کشتوکاڵی و پڕۆژەی سایلۆشمان ھەیە، بەڵام ئەوە بۆ جاری یەکەمە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە دروست بکرێت کە ھەموو پێکھاتەکانی ئاژەڵداری لەخۆ بگرێت، بێگومان پڕۆژەکە ھەلی کاریش بۆ چەندین کەس دەڕەخسێنێت و کاریگەریی خۆی دەبێت.”