چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

به‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، كاركردن له‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ گەڕکی هه‌شتی حه‌سارۆك به‌رده‌وامه‌

چواس خالید – هەولێر

دوای سه‌ردانی مه‌یدانیی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گەڕەکی هه‌شتی حه‌سارۆك و ڕاسپاردنی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و پارێزگای هه‌ولێر، بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به‌و گه‌ڕه‌كه‌، ئێستا به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ حه‌وت ملیار دینار، كار له‌ دانانی ئاوه‌ڕۆ و بنیاتنانی شه‌قامی شه‌ست مه‌تری ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

دوای نزیكه‌ی ١٧ ساڵ چاوەڕوانی خاوه‌ن زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك، دواجار مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ردانێکی مەیدانیدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و پارێزگای هه‌ولێری ڕاسپارد به‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئەو گەڕەکە. وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌میش، بڕیاری ڕۆنانی ئاوه‌ڕۆ و شه‌قامی شەست مه‌تری بوو، كه‌ ئێستا كار له‌ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندازیاری سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كه‌، به‌ پێگه‌ی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاندووه‌، ڕۆژانه‌ زیادتر له‌ سێ سەد كرێكار به‌ زیادتر له‌ حەفتا ئامێر، كار له‌ پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌شتی حه‌سارۆك ده‌كه‌ن.
عه‌بولستار مه‌جید ده‌ڵێ: به‌شی ئاوه‌ڕۆی هه‌شتی حه‌سارۆك ١٠٠% ته‌واو بووه‌ و كاری ڕۆنانی شه‌قامه‌كانیش ٨٠% ته‌واو بووه‌ و ئێستا له‌ قۆناغی قیرتاوكردندایه‌، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی پازدە ڕۆژی داهاتوودا باران نه‌بارێت، ئه‌وا پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، چونکە له‌ كاتیباراندا كاری قیرتاوكردن ئه‌سته‌مه‌”.
شه‌قامی شەست مه‌ترییه‌ دووسایده‌كه‌، به‌ پازدە و نیو مه‌تر پانییه‌وه‌ دوو هه‌زار و هەشت سەد و حەفتا مه‌تر كشاوه‌، كه‌ به‌ بڕگه‌كانی تێكه‌ڵڕێژكردن و دانانی به‌رد و فه‌رشكردنی ستابلایزه‌ر و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ شه‌قامه‌ لاوه‌كییه‌كانی ده‌ورووبه‌ری به‌ كوالتی به‌رز جێبه‌جێ ده‌كرێت؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زیاتر له‌ سێ هه‌زار مه‌تر كاری ئاوه‌ڕۆ له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هه‌بووه‌، هه‌زار و دوو سەد مه‌تر ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی و دوو هه‌زار و چوار سەد‌ مه‌تر ئاوه‌ڕۆی سندوقییه‌.
ڕۆنان و بنیاتنانی ئاوه‌ڕۆ و شه‌قامی شەست مه‌تری گه‌ڕه‌كی هه‌شتی حه‌سارۆك، به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ گوژمه‌ی حه‌وت ملیار و ٤٩٩ ملیۆن و ٣٢٦ هه‌زار و ١٣ دیناری عێراقی دێته‌ جێبه‌جێكردن.
هاوكات ئه‌ندازیاری سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كه‌ هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ گه‌یاندنی تۆڕی ئاوه‌ڕۆ بۆ گه‌ڕه‌كی هه‌شتی حه‌سارۆك و لێدانی بیری ئاوی خواردنه‌وه‌، له‌ به‌رنامه‌دایه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌با، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م، كاره‌با بۆ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دابین بكات و دواجاریش له‌وێوه‌ بۆ كۆی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ بگوازێته‌وه‌.
زه‌ویه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك كه‌ ژماره‌یان شازدە هه‌زار پارچه‌ زه‌وییه‌، ساڵی ٢٠٠٣ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر خه‌ڵكی كه‌مداهاتدا دابه‌شی كرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری ئاو و ئاوه‌ڕۆ و شه‌قام و شۆسته‌ی به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییەوە بۆ نه‌براوه‌، تائێستا ئاوه‌دان نه‌بووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر به‌ زه‌وی ماوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا هه‌رچوارده‌ورەکە‌ی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و ئاوه‌دانین، بڕیاره‌ قۆناغ به‌ قۆناغ خزمه‌تگوزارییه‌كان بگه‌یه‌نرێته‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ و له‌ قۆناغی یه‌كه‌م ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر سی و حەوت ملیار دینار دراوه‌.