نەوزاد هادی: پارتی بڕیاری کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی داوە

سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیاره‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵادا كۆببنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوا، رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ هەندێک لایەن بیروڕای جیاوازمان هەبێت، دەبێت لێکتێگەیشتن و گفتوگۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت.

نەوزاد هادی، راشیگەیاند، دەستەی کارگێڕی پارتی بڕیاری کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکان داوە و ئەوانیش کاتی کۆبوونەوە دیاری دەکەن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌زموونی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌روابووه‌، سه‌ره‌ڕای ناكۆكی، دانیشتن و لێكتێگه‌یشتنیش هه‌بووه‌.

پێشتریش سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی رایگەیاندبوو، نیەتێک بۆ کۆبوونەوەی  پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، بڕیاریشە بەمنزیکانە لە ئاستی باڵادا هەردوولا کۆببنەوە.

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدایە ماوەیەکە پەیوەندییەکانیان ساردی تێکەوتووە، لە بەشێکی میدیاکانەوە بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رەخنە لە یەکتری دەگرن.

هه‌روه‌ها پارتی لە کۆنگرەی 14 بڕیاریداوە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەموو لایەنەکان ‌هەڵداتەوە، بەتایبەتی یەکێتی، گوتەبێژی پارتیش رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندییش بڕیار دانیشتن و گفتوگۆ دراوە.