پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە ٧ زانکۆی کوردستان خولێکی ٦ رۆژە بۆ فێرخوازانی خاوەن بیرۆکە کرایەوە

رێکخراوی (GIZ)ى ئەڵمانى, خولێکی شەش رۆژەی بۆ حەوت زانکۆی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئامانج لە خولەکە راهێنانی ڕاهێنەران بوو بۆ سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کاری لە زانکۆکانی هەرێمى کوردستان، ئەوەش بە ئامانجی هاندان و ڕاهێنانی ئەو فیرخوازانەی کە دەیانەوێت بیرۆکەی کار و بزنسی خۆیان پەرە پێبدەن و کاربکەن بۆ دامەزراندنی کاری سەربەخۆی خۆیان.

لە هەر زانکۆیەک ڕاهێنان بە ٦۰ قوتابی و خوێندکار کراوە بۆ کارکردن و پەرەپێدانی بیرۆکەکانیان و دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکان و کەرتی پیشەسازی هەوڵی دابینکردنی هەلى کاریان بۆ دەدرێت و تا ئێستاش ٤٢٠ فێرخواز لەو خولە سوودمەند بوون.

لە میانی پێشوازی کردنی لە شاندێکی رێکخراوی (GIZ)، د. عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، سیاسەت و بەرنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەیە گرنگی زیاتر بە خوێندنی پیشەیی بدرێت لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا.

د. عبدالفتاح عبدالرزاق وتیشی، ئامانج لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن ئەوەیە کە خوێندکاران و قوتابیان بەشێوەیەکی پیشەیی و زانستیانە ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی پرۆسەی خوێندن رۆڵی بەرچاویان هەبێت لە گەشەکردن و پێشخستنی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان و ئامادە بکرێن و رابهێنرێن بۆ بازارى کار.

رێکخراوی (GIZ) کاردەکات بۆ کارسازی و داهێنان  لە عێراق، لە بواری هاندان و پەرەپێدانی بازاڕی کار و ئامانجیان پێگەیاندن و ئامادەکردنی فێرخوازانە لەو بوارەدا.