هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

کار کردن لە پرۆژەی هەشتی حەسارۆك بەردەوامە

پڕۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكی مەریوان هەشتی حەسارۆك، لەگەڵ گەیاندنی تۆڕی ئاوەڕۆ و بڕگەكانی شەقام و ئەنجامدانی جووت شەقامی ٦٠ مەتری، بەپانتایی ١٥،٥ مەتر و بەدرێژایی ٢ هەزار و ٨٧٠ مەتر بۆ هەر لایەك، گشت بڕگەكانی تێكەڵەڕیژكردن و دانانی بەردی شكاو و فەرش كردنی چینی ستابلایزەر بۆ شەقامەكە، لەگەڵ بەستنەوەی بە شەقامە لاوەكیەكانی دەوروبەری لەقۆناغی كاركردندایە.
بڕگەكانی پێكهاتنی پڕۆژەكەش پێكهاتوون لە، دروستكردنی ئاوەڕۆی سندوقیی ٣×٣ بەدڕێژایی هەزار و ١٣٦مەتر، لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆی سندوقی ٢×٢بەدڕێژایی ٧٦٠ مەتر.
عەبدولستار محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لە لێوانێكیدا بە پێگە فەرمی حكومەتی راگەیاند:”ئەم پرۆژەیە لە دووبەشی سەرەكی پێكدێت، بەشی ئاوەڕۆ لەگەڵ بەشی دروستكردنی شەقام، بەشی ئاوەڕۆ لە ١٠٠% ئیشەكانی تەواو بووە و بەشی شەقامەكانیش لە ٨٠% تەواو بووە و ئیستا لە قۆناغی قیرتاو كردندایە.
لەبارەی كاری ئاوەڕۆ لە پرۆژەكەدا، عەبدولستار محەمەد، ئاماژەی بەوەدا كە: “٣ هەزار و حەوت مەتر ئاوەڕۆمان هەیە، نزیكەی هەزار و ٢٠٠ مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و ٢ هەزار و چوار مەتر ئاوەڕۆی سندوقیە و ئەگەر بۆماوەی ١٥ ڕۆژی داهاتوو باران نەبارێت ئەوا بێگومان ئەو پڕۆژەیە تەواو دەبێت، بەڵام لە ئەگەری بارینی باراندا بەپێی ڕێژەی باران بارینەكە وەستاوە، چەند باران دەبارێت و چەندی دەبێتە قوڕ، هەرچەندە ئێمە لەو قۆناغە نەماوین كێشەی قورمان بۆ دروست بێت، بەڵام لەكاتی باران باریندا قیرتاو كردن زەحمەتە.”
سەبارەت بە كاتی بەكارهێنانی شەقامەكە و کاریگەری لەسەر ئاسانكاریی بۆ هاوڵاتیان ، عەبدولستار محەمەد، ئاماژەی بەوەكرد، لەدوای تەواو بوونی كارەكانی پرۆژەكە، خەڵك دەتوانن بەكاری بێنن، كە ئەو ڕێگەیە جووت سایدی لاوان بە ٥ی حەسارۆك دەگەیێنێت، ئەوكاتە دەتوانرێت لە جووت سایدی لاوان خەڵك بچێت بۆ ٥ی حەسارۆك، ئەوەشی خستەڕوو، كە ڕۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ کرێکار ئیش دەكەن و نزیكەی ٧٠ ئامێر كار لە پرۆژەكەدا دەكەن، وە تەنیا لەو شەقامەدا بەگشتی كارەكان بەباشی دەروات، چونكە ئاوەدانی لێ نیە و ئەمەش كارئاسانی كردووە بۆ بەڕێوەچوونی كارەكان.
ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە ئەوەشی ئاشكراكرد، كە هەردوو شەقامی ٦٠م و شەقامی ٤٠ م، لەبەرنامەی حكومەتدایە دەست بەكارەكانیان بكرێت لە قۆناغی دوای ئەم پرۆژەیە، كە شەقامی ٦٠ مەتری و شەقامی كەسنەزان بە شەقامی بنەسڵاوە دەبەستێتەوە.
لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری كارەبا بۆ گەڕەكی مەریوان (٨ حەسارۆك)، لەگەڵ گەیاندنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ ئەو گەڕەكە، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە جەختی كردەوە، بیر لێدان لە چواردەورە بۆ ئاو لێدراوە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە بیری تریش لێبدەن، هاوكات بەرێوەبەرایەتی كارەباش لەبەرنامەی دایە كارەبا بۆ شەقامە سەرەكیەكان دابین بكات، بۆنموونە ئێستا ئەم شەقامی ٦٠ مەتری كارەبای هەیە و بریارە لەكاتی دەستكردن بە شەقامەكەی تریش بەهەمان شێوە كارەبای بۆ دابین بكرێت.
ئەو پڕۆژەیە گوژمەی ٧ملیار و٤٩٩ ملیۆن و ٣٢٦ هەزارو ١٣دیناری عیراقی بۆتەرخان كراوە، لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆی لوولەیی(٤٠+٦٠+٧٥+١٢٥) سم، كە زیاتر لە ٣ هەزار و ٦٦٧ مەتری لێ ئەنجامدراوە، جۆری بودجەی پڕۆژەكەش داهاتی ١٠٠% فرۆشتنی زەویەكانی بازرگانی (٨حەسارۆكە) و ماوەی پڕۆژەكەش ١١٠ڕۆژە.