سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانەی فۆرمیان بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پڕ کردووەتەوە دوای سەری ساڵی تازە دەکرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”لیژنە لە هەموو پارێزگاکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ناوانەی پێشکەشیان کردووە بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پێک هاتوون و هەندێکیان هەنگاوی باشیان بڕیوە، بەڵام نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و وردبینیی زۆری پێویستە، چونکە ڕەنگە لەناو خێزانێک چەند کەسێک داواکاریی پێشکەش کردبێت، ئەوەش ئەرکی لیژنەکانی قورستر کردووە، بۆیە هەوڵ دەدەین لە ماوەیەکی نزیکدا ناوەکان ڕابگەیەنین.”
د. محەمەد شوکری گوتیشی: ”ئەمساڵ زەحمەتە بتوانن ناوەکان ڕابگەیەنن و ڕاگەیاندنی ناوەکان دەکەوێتە سەری ساڵی داهاتوو، چونکە هێشتا کارەکانی لیژنەکان تەواو نەبوون.”
شوکری باسی لەوەش کرد: ”دوای ئەوەی ئەو20 هەزار ناوە ڕادەگەیەندرێن و دەبنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون، بەپێی نووسراوی سەرۆکی حکوومەت کە بۆ ئێمەی ناردووە، لیستێک دەنووسرێتەوە لە ناوی ئەو کەسانەی دەمێننەوە و دەبێتە لیستی چاوەڕوانی، چونکە ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بە نرخێکی گونجاو لە یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند بن.”
گوتیشی: ”پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن لەوەی خەڵکی شایستە دیاری بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، بۆیە ئەوان دیاریی دەکەن کە چ کەسانێک شایستەن.”
بۆ وەرگرتن و سودمەندبوون لە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان 119 هەزار کەس فۆرمیان پڕ کردووەتەوە و بڕیارە ئەوانەی شایستەن ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون.”