مەحما خەلیل دەربارەی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا زانیاری ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق هیچ ڕیگەیەکی دیکە لە بەردەمیدا نەماوە جگە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، چونکە ئێستا ئەم حکوومەتە لە بەردەم بەرپڕسیاریەتییەکی گەورەدایە و دەبێت خۆی بسەلمێنێت کە گەورەترە لە هەموو گرووپ و هێزە نایاسایییەکان.

مەحما خەلیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ”کاتێک حکوومەتی عێراق پێک هێنرا و لە پەرلەمان دەنگیان لەسەری دا، یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی حکوومەت ئەوە بوو کە دەبێت ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت.”

ئاماژەیشی دا: ”ئێستا زەمینە لەبارە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق و لایەنە عێراقییەکان تا ئێستا لەسەر بەشی زۆری پرسەکان لە یەک نزیکن و هەموو لایەنە بەشداربووەکانی حکوومەت مولزەمن بە جێبەجێکردنی.”

گوتیشی: ”جێبەجیکردنی ڕێککەوتنی شنگال لە بەرژەوەندیی خەڵکی شنگالدایە، چونکە زیاتر لە هەشت ساڵە خەڵک لە ڕەوشیكی خراپ و ناخۆشدان، بۆیە دەبێت کۆتایی بەو دۆخە ناخۆشە بێت و وڵاتانی ئەورووپییش پشتیوانی لە جێبەجێکردنی دەکەن.”