به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ شێڵته‌رێكی ئافره‌تان له‌ هه‌ولێر چۆڵده‌كرێت


به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ژوورێكی شێڵته‌ری ئافره‌تانی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو له‌ شاری هه‌ولێر، شێڵته‌ره‌كه‌ چۆڵده‌كرێت و رووداوه‌كه‌ش هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (11ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، سەرکەوت کارەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هه‌ولێر به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌ رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شێڵته‌رێكی ئافره‌تان، تیمه‌كانیان توانیویانه‌ بگه‌نه‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ و ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن.

گوته‌بێژی بەرگری شارستانی هه‌ولێر گوتیشی، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، ئاگره‌كه‌ به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ بووه‌ و له‌و رووداوه‌شدا، هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری شێڵته‌ره‌كه‌ به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی گیانی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌و شێڵته‌ره‌ ده‌مێننه‌وه‌ و له‌به‌ر ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه‌، ئه‌مشه‌و سه‌رجه‌م ئافره‌ته‌كان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ شوێنێكی پارێزراوتر.