ئەندامێکی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ھەموو ھەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی تا مانگی شوباتی داھاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی گشیتی عێراق پەسەند بکرێت و دەشڵێ، پشکی ھەرێم نابێت لە ١٧% کەمتر بێت و بەر لەوەی بێتە پەرلەمانیش پشکی ھەرێم دیاری دەکرێت.
سیپان شێروانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “پڕۆژەیاسای بودجە ھێشتا لە وەزارەتی دارایی عێراقە و بڕیارە پێش ئەوەی بگاتە پەرلەمان، پشکی ھەرێمی کوردستانی تێدا یەکلا بکرێتەوە، کە ھەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکی ھەرێم لە ١٧% کەمتر نەبێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین پشکی ھەرێم لەنێو پەرلەمان یەکلا بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە بەر لەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بێتە پەرلەمان، پشکی ھەرێم دەبێت یەکلا بکرێتەوە”.
لەبارەی ئەو ژمارانەی بڵاو دەکرێنەوە، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: “ھێشتا ھیچ دیار نییە پشکی ھەرێمی کوردستان چەندە، چونکە پێشتر رێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا کراوە و دەبێت لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان بێت، بە داخەوە چەندین ساڵە سەرژمێری لە عێراق نەکراوە و ئێمە داوامان کردووە ١٧%ی بودجە بۆ ھەرێم دیاری بکرێت”.
ناوبراو روونیشی کردەوە: “ئێستا پەرلەمان کەتووەتە پشووی زستانە تا ٩ی مانگی داھاتوو، بەڵام پێشبینی دەکەین تا مانگی شوبات پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە دووەم ساڵە پڕۆژەیاسای بودجە دوادەکەوێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پێداگری لەسەر پەسەندکردنی بودجە دەکات”.