پاتریاركی كڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆكسی جیهان گه‌یشته‌ هه‌ولێر

پاتریاركی كڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆكسی جیهان به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌یه‌كه‌م لێدوانیدا رایگه‌یاند، سوپاسی خوای گه‌وره‌ ده‌كه‌م جارێكی چانسی ئه‌وه‌ی پێدام سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (9ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، پا‌تریارك ئێگناتیۆس ئه‌فرامی دووه‌م، پاتریاركی كڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆكسی جیهان به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ولێر و رایگه‌یاند، بۆ به‌شداریكردن له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌وا بڕیاره‌ سبه‌ی شه‌ممه‌، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌نگاریا ده‌كرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها پاتریاركی كڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆكسی جیهان گوتیشی، له‌م سه‌ردانه‌ماندا له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌ و ستایشی رۆڵی سه‌رۆكی حكومه‌تیشی كرد له‌ هه‌نگاو و پاڵپشتییه‌كانی بۆ پێكه‌وه‌ژیان و هاوكاریكردنی ئاواره‌كان.

پا‌تریارك ئێگناتیۆس ئه‌فرامی دووه‌م له‌باره‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌هۆی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، هێزێكی زیاتر به‌ شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌به‌خشێت.

زیاتر گوتی، “پێشتریش چه‌ندین جار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانمان كردووه‌ و ئه‌و هه‌سته‌ جوانه‌ و رێزگرتنه‌ی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێره‌ هه‌یه‌، هیوادارین له‌ وڵاتانی دیكه‌ش بیبینین”.

پاتریاركی كڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆكسی جیهان نزاشی كرد خودا ئه‌و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ دوایین سه‌ردانیان نابێت بۆ هه‌رێمی كوردستان و سوپاسی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستانیشی كرد  بۆ ئه‌و رێزگرتن و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی سریان و كریستیانه‌كان هه‌یه‌تی.