له‌ هه‌ولێر پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ له‌ ئه‌وروپاوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان

ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەم لەسەر قەڵاتی هەولێر و بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بۆ یەکەمجار لە عێراق و هەرێمی کوردستان (میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی) بۆ پشتگیریکردنی کۆچبەرانی گەڕاوە ڕاگه‌یه‌نرا کە لە ڕێگەی EJCC  پارێزگا و بە هاوکاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ و بە پشتیوانی دارایی یەکێتی ئەوروپا ئه‌نجام ده‌درێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر له‌ كاتی ڕاگه‌یاندنی میكانیزمه‌كه‌ له‌ وته‌یه‌كدا جەختی کردەوە کە هەولێر هەمیشە ئەو باوەشە گەرمە دەبێت کە ئەو هاووڵاتییانە لەخۆ بگرێ کە بە هەر هۆکارێك بێت چوونەتە دەرەوەی وڵات و ئێستا دووبارە دەگەرێنەوە زێدی خۆیان.

ڕاشیگه‌یاند: ئەم سیستەمە بەکارخراوە تاوەکو وەك چاوساغ هاریکاری كۆچبه‌ره‌ گه‌ڕاوه‌كان بێت. دووپاتیشی کردەوە کە وەك پارێزگاری هەولێر پاڵپشتی لۆجستی هاووڵاتییانی خۆمان دەبین تاوەکو بەیەکەوە خزمەتی نیشتمان بکەین.

میکانزمی رەوانەکرنی نیشتمانی، سیستەمێکە بۆ رەوانەکردنی گەڕاوەکان بۆ خزمەتگوزارییە پێویستەکانی یەکگرتنەوە، دوای گەرانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان سیستەمی رەوانەکردنی بە خۆرایی و نهێنی‌ هەر کەسێک لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە دەتوانێت دەستی پێی بگات لە رێگەی پەیوەندیکردن یان سەردانێکردنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەولێر لە ناو بارەگای پارێزگای هەولێر.