سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 7/12/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز تۆبياس تونكێل بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە باڵیۆزی ‏ئەڵمانیا لە بەغدا و كونسولی گشتییان لە هەرێمی كوردستان یاوەری بوون.‏

لە كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، ‏دۆخی ناوچەكە بەگشتی، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندییەكانی عێراق و ‏هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، خرانەی بەر باس و گفتوگۆ.‏

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییە سەربازی و مرۆییيەكانی ئەڵمانیاى بۆ ‏هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا كرد و پوختەیەكی دەربارەی دوا ‏سەردانی بۆ بەغدا و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق خستە ‏ڕوو.‏

بەڕێز تۆبياس تونكێل باسی لە ئامانج و به‌رنامه‌ى سەردانەكەی بۆ هەرێمی ‏كوردستان و ناوچەكە كرد و ویستی وڵاتەكەی لە بەردەوامیی هاوكارى و پشتگيرى ‏بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی هەولێر ـ ‏بەغدا، نیشان دا.‏

دۆخی ئەمنیی ناوچەكە بە گشتی، دۆخی ئاوارە و پەنابەران و ڕەخساندنی زەمینە ‏بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شەنگال، ‏لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو كه‌ تيايدا جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى يارمه‌تيى مرۆييى ‏ئه‌ڵمانيا بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران دووپات كرايه‌وه‌.‏