سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: داوا دەکەم جووتیارەکان وەبەرهێنان لە کە رتی کشتوکاڵ بکەن، چونکە حکوومەت پاڵپشتیانە

ئەمە جەوهەری گفتوگۆیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە. بەر لە دەست پێکردنی گفتوگۆکە، سەرۆکوەزیران، ڤیدیۆی جووتیارێک دەبینێت کە بەهۆی نەبوونی بازاڕەوە بەرهەمەکەی لەنێو دەبات. سەرۆکوەزیران بە وردی قسە لەسەر بەرنامە و پلان و هەنگاوە کردەییەکانی کابینەی نۆیەم دەکات بەرامبەر بە زیادکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردەکردنیشی بۆ دەرەوەی وڵات.

دەقی گفتوگۆکە؛
زۆر دڵگرانبووم بەوەی کە بینیم جووتیارەکان لەکاتێکدا کە ناتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بفرۆشن، دێن ئاوا تەلەفی دەکەن، ئێمە هەر زوو هەستمان بەوە کرد کە خوا سامانێکی زۆری بە ئێمە داوە؛بەداخەوە وەکو پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوە، ئەویش سامانی کشتوکاڵە. بۆیە لە سەرەتاوە من زۆر جەختم لەوە کردەوە کە دەبێ ئێمە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بکەین،یارمەتیی جووتیارەکانمان بدەین بۆ ئەوەی بتوانن ئەم سامانە نیشتمانییە بە ئاستێک بگەیێنن کە ببێت بە خێر و بەرەکەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و زیادکردنی داهاتی هەرێمی کوردستانیش. بۆیە، هەوڵماندا حکوومەتی هەرێم سیاسەتێکی وا بگرێتەبەر تا بتوانێت بەرهەمی جووتیارەکان وەربگرێتەوە، نەک تەنیا لە ئاستی نێوخۆ، بەڵکو شتێکی وا بکەین هەناردەی دەرەوەش بکەین بۆ ئەوەی زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا، وا بکات کە ژێرخانێکی پتەوتری ئابووری بەتایبەتی لەڕووی کشتوکاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەین و جووتیارانیش لێمان ڕازی بن.
گەر سەیری مێژوو بکەین، کشتوکاڵ لەم ناوچەیەوە سەری هەڵداوە، بەڵام لە مێژووی نزیکی هەرێمی کوردستاندا، ئەگەر سەیری بکەین، چەندین هۆکار هەبوون کە نەیانهێشتووە کەرتی کشتوکاڵی لێرە پەرەبسێنێت. پێشتر بابەتی وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کامپەکان، سیاسەتێکی مەرکەزی هەبووە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە زەوییەکانیان دووربخرێنەوە، نەبن بە خاوەنی بڕیاری خۆیان، بەڵکو هەمیشە چاویان لە دەستی حکوومەتێکی داگیرکەر بێت. ئەمە هۆیەکی سەرەکیی بووە کە زیانێکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵ داوە.
دوای ئەوەش، سیاسەتێکی دیکەی بەرامبەر پەیڕەو نەکراوە تاوەکو بووژانەوەی ئابووری لەسەر بنەمای کشتوکاڵی لە کوردستان بە خێرایی پەرەبسێنێت. ئێمە لەم کابینەیە، هەستمان بەوە کرد کە خوای گەورە سامانێکی لەبن نەهاتووی بە ئێمە داوە، پێویستە ئێمە لە سەرەتاوەیارمەتی جووتیارانی خۆمان بدەین و پاڵپشتیان بین بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کشتوکاڵ بدەن، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان نەک ببێتە داهاتێک بۆ خۆیان بەڵکو ببێتە داهاتێک بۆ حکوومەت و بۆ زیادکردنی داهات لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە داهاتی کشتوکاڵە. کەرتەکانی دیکەش هەن، وەکو گەشتوگوزار و پیشەسازی، گرنگیمان بەمانەش داوە، بەڵام کشتوکاڵ بنەمای دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک. ئێمە خاکێکی بەخێر و بەپیتمان هەیە کە وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵی پەرەی پێبدرێت بێگومان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتەکانی دیکەش. کەرتی پیشەسازی بۆ نموونە؛ ئەو کاتە دەتوانێت پێشبکەوێت کە کەرتی کشتوکاڵی پێشبکەوێت.
کشتوکاڵ خۆی دەبێتە هۆی پەیدابوونی چەندین جۆر کاری تر. نموونەیەکی بەرچاو ئەمەیە کە هەر جووتیارێک تاوەکو بەرهەمی خۆی دەچنێتەوە و دەیگەیێنێتە بازاڕ، دەبێ بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕێت، ئەمە پێویستی بە چەند ئامڕازێکە، پێویستی بە ئامێرێکە بۆیارمەتیدانی ئەم جووتیارە تاوەکو بەرهەمەکەی خۆی پێبگەیێنێت. ئەمە وا دەکات کە کەرتی پیشەسازی (بە نموونە) بێتە ناو بابەتەکەوە ئەو ئامێرانە دابین بکات.
لەلایەکی دیکەوە مەسەلەی گواستنەوەیە، ئەمە هەمووی دروستکردنی هەلی کارە، زیادکردنی جۆرەکانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام بۆ کشتوکاڵ، من بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم کە بنەمای سەرەکیی ئابوورییەکی بەهێزە لە هەموو وڵاتێکدا، بۆیە جەختێکی زۆرمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە. لەلایەکی دیکەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە سەرمایەیەکی لەبن نەهاتووە، هەموو ساڵێک دەتوانیت نوێی بکەیتەوە و زیاتر پەرەی پێبدەیت، بەتایبەتی ئەگەر بتوانی بیگەیێنیتە ئاستێک کە پێداویستییە نێوخۆییەکان دابین بکات و لەمەش زیاتر هەناردەی دەرەوەی بکەیت، ئەمە دەبێتە داهاتێکی زیاتر کە دەتوانیت لە شوێنەکانی تر وەبەرهێنانی بۆ بکەیت و بەمجۆرە ئابووری هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باشتر و خێراتر بەرەو پێشەوە ببات. من دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە ئێمە دەتوانین بابەتی ئاسایشی خۆراک بە تەواوی لە کوردستان دابین بکەین. ئەگەر پەرە بەو کەرتە بدەین ئێمە هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی خۆراکمان نابێت کە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ مانەوەی هەر نەتەوە و نیشتمان و قەوارەیەک.
لەلایەکی دیکەوە پەرەپێدانی ئەم کەرتە، وا دەکات کە بتوانیت کاریگەریی هەبێت لەسەر ناوچەکانی دیکە، بۆ نموونە؛ ئێمە لە عێراقدا دەتوانین کوردستان وەکو سەبەتەی خۆراک بەکاربێنین، چونکە زەوییەکی بەپیتمان هەیە، ئێمە ئەگەر سوود لەوە وەربگرین دەتوانین کاریگەریمان هەبێت. ئەم بابەتی دانوستاندنە دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر پێگەت، وەکو نیشتمان، وەکو نەتەوە، ئەوەی کە بتوانیت وەبەرهێنەری ئاسایشی خۆراک بیت نەک تەنیا بۆ خۆت، بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەش. زۆر وڵاتی دیکە هەن کە لەوانەیە ئەو خاکەیان نەبێت بتوانن کشتوکاڵی تێدا بکەن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانی ئەوانیش دابین بکات، ئەمە وا دەکات کە بابەتی دانوستاندن، هەناردەکردن و هاوردەکردن، بگەیێنێتە ئاستێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بێت.
هەموو شتێک لەسەر ئەوەیە کە تۆ پێویستیت بە چییە؟ڕاستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە و زۆرترین داهاتمان لەو کەرتەوە بووە، بەڵام ڕۆژێک لەڕۆژان ئەم داهاتە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئێمە ئەو کاتە دەبێ چی بکەین؟ دەبێ لە سەرەتاوە بیر لەوە بکەینەوە کە مادام توانای ئەوەت هەیە کەرتی کشتوکاڵ وا لێبکەیت کە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ وڵاتەکەت، بۆ نایکەیت؟ من پێموایە تاوەکو ئێستا کە ئەمە نەکراوە، هەڵە بووە. دەبوو زوو وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکرێت بۆ ئەوەی ئەم بناخەیە لە سەرەتاوە دروستبکرێت. دوای ئەوە دێینە سەر ئەوەی کە وڵاتانی دیکەش پێویستیان بەوەیە کە بێن لەگەڵمان ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن، ئەم بیروڕایە کراوە، ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دۆستمانن دانیشتووین، بیرۆکەکەمان لەگەڵیان باسکردووە کە کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانیان دابین بکات ئەگەر ئەوانیش بیانەوێ سوود لەو سامانە نیشتمانییەیان سرووشتییە وەربگرن.
ئەمەڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی کە لە سەرەتاوە وەکو (پالێت پرۆجێکت) شتێک بکەین، بیرمان لەوە کردەوە کە هەنار (کە هەناری کوردستان زۆر بەتام خۆشە) وەکو پالێت پرۆجێکتێک بەکاربێنین و هەناردەی بکەین. بەڵام هەر بەوەندە ناوەستین، دواتر بیر لەوە دەکەینەوە کە بەرهەمەکانی تری کشتوکاڵیش وەکو ترێ، هەنگوین، هەنجیر و زۆر میوەی تر هەناردەی دەرەوە بکەین. پێموایە ئەمە زۆر زۆریارمەتیدەر دەبێت بۆ جووتیارەکان و هەرێمی کوردستان بە گشتی.
من داکۆکیم لەوە کردووە کە تامی میوەی کوردستان وەکو خۆی بمێنێتەوە بۆیە داوامان کردووە شتەکان ئۆرگانیک بن و خەڵك هەست بەم تامە خۆشە بکات. من دڵنیام دۆستمان زیاتر دەبێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە نێوانماندا زیاتر دەبێت.
من لە سەرەتاوە باسمکرد کە کشتوکاڵ دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی زۆر بابەتی دیکەی ئابووری. ئەگەر بەرهەمی نێوخۆیی کشتوکاڵی زیاد بکات، پێویستت بەوە دەبێت کە لە شوێنێک هەڵیان بگریت، کەواتە دەبێ ژمارەیەک وەبەرهێنی دیکە بێن کۆگا دروستبکەن، بۆ کۆکردنەوەی ئەم هەموو بەرهەمە نێوخۆییە، دواتر پێویستت بە پاکێجینگ دەبێت، کەواتە دەبێ کۆمپانیای دیکە بێن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و ستاندارد ئەوانە ئامادە بکەن بۆ ئەوەی هەناردەی بکەن. پێویستت بە کۆمپانیای دیکە دەبێت بۆ گەیاندن، کەواتە تەنیا بە زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، چەندینکەرتی تر بەکار دەخرێن، چەندین کۆمپانیای تر بەکار دەخرێن، هەر کۆمپانیایەک لەمانە، هەر کەرتێک لەمانە، چەندین هەلی کار دروست دەکات. کەواتە سەرچاوەی دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێز، لە کشتوکاڵەوە دەست پێدەکات و پەرەدەسێنێت بۆ پێشەسازی و بازرگانی، ئەمە وا دەکاتکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئابووریی کوردستان هەستێتەوە و بەهێزتری بکەین. ڕێگە کراوەیە، ئەگەر ئێمە وەبەرهێنەری نێوخۆییمان هەبێت، بێگومان وڵاتی خۆیانە و ئێمە وەکو حکوومەت پاڵپشت و هاندەریشیان دەبین. ئەگەر دەتوانن بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەری بیانیش کار بکەن، بۆ ئەمەشڕێگە کراوەیە. ئەگەر وەبەرهێنەری بیانیش هەبێت و بیەوێڕاستەوخۆ وەبەرهێنان لێرە بکات، دیسانڕێگە بۆ ئەوانەش هەیە. واتە بۆ هەموو لایەک ڕێگە هەیە و حکومەتیش پاڵپشت و هاوکار دەبێت.
داوا لە جووتیارەکان دەکەم زیاتر وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن، بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، نەک تەنیا بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەتوانین هەناردەی دەرێش بکەین، بەمە داهاتی خۆیان زیاد دەکات، کوردستان بەهێزتر دەبێت، داوا لە هەموو وەبەرهێنەرە بیانییەکانیش دەکەم بێن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە ئێستا هەرێمی کوردستان ڕەخساندوویەتی، بۆ ئەوەی بێن وەبەرهێنان لێرە بکەن. بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ کە هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەو کەسە بە سوود دەبێت کە وەبەرهێنانی تێدا دەکات. من پێموایە نهێنیی سەرکەوتنی کوردستان لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدایە. زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم جووتیارەکان ئێستا بە جۆرێکی دیکە سەیری ئەو سامانە نیشتمانییە دەکەن، ئەمە دەتوانێت کوردستان بخاتە ئاستێکی زۆر بەرزتر، بۆیە من ئومێدێکی زۆرم هەیە کە لەم دەرگایەوە دەتوانین کوردستان بەرەو پێشکەوتنی زیاتر ببەینو هەنگاوی زیاتریش بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی خۆمان دابین بکەین.