چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دوو بڕیار له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌زری یه‌كه‌م ده‌رده‌كات

 

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو بڕیار سه‌باره‌ت به‌ تاقیكرده‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌می ئه‌مساڵی خوێندن ده‌دات، كه‌ یه‌كێكیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی قوتابیانی ئێزدی و كریستیانه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی هه‌رێمی كوردستان.

به‌گوێره‌ی فه‌رمانێكی وه‌زاری كه‌ واژووی ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و داوا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی په‌روه‌رده‌ی سه‌رجه‌م پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كراوه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌می ساڵی خوێندنی (2022-2023).

به‌گوێره‌ی خاڵی یه‌كه‌می فه‌رمانه‌كه‌، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و قوتابخانه‌داوه‌ كه‌ قوتابی له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ی (ئێزدی و كریستیان) تیایاندا ده‌خوێنن، تا خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م به‌شێوه‌یه‌ك رێكبخه‌ن كه‌ گونجاوبێت له‌گه‌ڵ جه‌ژن و بۆنه‌كانی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌.

هه‌روه‌ها له‌ خاڵی دووه‌می فه‌رمانه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌ رۆژی ئاڵای كوردستان كراوه‌ كه‌ رۆژی (17ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ر)ـه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ناو تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م، به‌هۆی ئه‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاریداوه‌ ته‌نها له‌و رۆژه‌دا، تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن یه‌ك كاتژمێر دره‌نگتر ئه‌نجامبدرێت و پێش ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كانیش مه‌راسیمی رۆژی ئاڵا ئه‌نجامبده‌ن.

تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌زری یه‌كه‌م له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی چوارشه‌ممه‌ (14ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022) ده‌ستپێده‌كه‌ن و رۆژی شه‌ممه‌ (24ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022) كۆتاییدێن.

پێشتریش گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ رایگه‌یاندبوو، دوای كۆتایی هاتنی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م، به‌پێی ساڵنامه‌ی خوێندنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ پشووی فه‌رمی ده‌بێت بۆ قوتابیان و مامۆستایان و رۆژی دووشه‌ممه‌ (2ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، ده‌وامی فه‌رمی له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندنی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌ستپێده‌كات.