محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: سه‌رۆك بارزانی بۆ هاوڕێكانی خۆی به‌وه‌فا بوو و پارتی هێزی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه‌یه‌

له ‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی، سه‌رۆكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، محه‌مه‌د حاجی مه‌حمkadوود، باس له‌ كۆنگره‌ی پارتی و گفتوگۆی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات.

KDP.info: په‌یامه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن ده‌بینی به‌تایبه‌ت دوای كۆنگره‌ی ئه‌و حزبه‌ كه‌ بڕیاری داوه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكاته‌وه‌؟

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: كۆنگره‌ی پارتی له‌ هه‌لومه‌رجێكی هه‌ستیاردا ئه‌نجام درا و سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ و بڕیاری كۆنگره‌ و به‌تایبه‌ت ئه‌و وتار و ئه‌و بڕیاره‌ی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكرێت، په‌یامێكی گرنگه‌ بۆ لایه‌نه‌كان و هیوادارین بكه‌وێته‌ واری جێبه‌جێكردن و چونكه‌ یه‌كگرتنی هێزه‌ سیاسییه‌كان و یه‌كگرتنی ناوماڵی كوردستان زه‌مانه‌تی سه‌ركه‌وتنی كوردستانه‌ و زه‌مانه‌تی یه‌كڕیزی و سه‌ركه‌وتنی هه‌موو لایه‌كه،‌ به‌تایبه‌ت بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و بارەیە‌وه‌ گرنگه،‌ چونكه‌ پارتی یه‌كێكه‌ له‌ خاوه‌ن هێزه‌ گه‌وره‌كان و ده‌سه‌ڵات و قورساییی خۆی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌ و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌.

KDP.info: كۆنگره‌ی پارتی له ‌ئان و ساتێكی گرنگ كرا و جۆرێك بوو له‌ ته‌حه‌دا به‌سه‌ر ئه‌و گیروگرفت و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مانه‌ی ده‌هاتنه‌ به‌رده‌می، كۆنگره‌ی پارتی بۆ كوردستان چ واتایه‌كی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت مانه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی پارتی؟

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: كۆنگره‌ی پارتی كۆمه‌ڵێك بڕیاری حه‌كیمانه‌ی داوه‌ توانای ئه‌وانه‌ی كه‌ ماندوو بوون له‌و حزبه‌ و تێكۆشه‌ری ناو ئه‌و حزبه‌ بن به ‌بڕیاری سه‌رۆك بارزانی به‌بێ مونافه‌سه‌ی ده‌نگدان بیانهێڵێته‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی حه‌كیمانه ‌بوو و نیشانه‌ی وه‌فاداریی سه‌رك بارزانی بوو بۆ هاوڕێ و هه‌ڤاڵەكانی خۆی و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی گه‌نجه‌كان پێم وایه‌ تاقەت و هێزی گه‌نجان و له‌گه‌ڵ خه‌باتی دێرینه‌كان ته‌واوكه‌ری یه‌كتری ده‌بن و بوونی ئافره‌تانی ڕۆشنبیر و گه‌نج و به‌ته‌مه‌ن له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی پارتی ئه‌وه‌ش هه‌نگاوی گرنگ بوو بۆ پارتی چه‌نده‌ پارتی پێش كه‌وێت هه‌نگاو بێت ئه‌وه‌نده‌ هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و ئاشتی ده‌ڕۆن له ‌ناوچه‌كه‌ و له‌ عێراق و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر پارتی هه‌نگاو بۆ ئاشتی و ڕاسپارده‌ی كۆنگره‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گرنگه‌ و ده‌بێت یه‌كخستنی ناوماڵی كوردستان ببێته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت و له‌سه‌ر میزێك دووباره‌ كۆ ببنه‌وه‌ و هیوادارم سه‌ركه‌وتنه‌كان ببێته‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان، دۆخی ناوچه‌كه‌ ناجێگیره‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ لێمان ده‌درێت، هێرشمان ده‌كرێته‌ سه‌ر.

KDP.info: له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كاك مه‌سرور بارزانی و تیمی حكوومه‌ت له‌سه‌ر خه‌تن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و محه‌مه‌د شیاع سوودانییش دووپارتی ئه‌وه‌ی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆچوونی تۆ چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كابینه‌ی كاك مه‌سرور بارزانی ده‌یه‌وێت گرفته‌كان یه‌كسانی سفر بكات له‌گه‌ڵ به‌غدا؟

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: كاتێك حكوومه‌ته‌كان دروست ده‌كران له‌ عێراق ده‌هاتنه‌ هه‌ولێر و‌ لێره‌وه‌ ڕایان ده‌گه‌یاند له‌ سه‌رده‌می عه‌لاوی و مالیكی سه‌رجه‌میان هاتنه‌ كوردستان و لێره‌ حكوومه‌ت دروست كرا، دواتر ده‌چوونه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ به‌غدا حكوومه‌ت دروست كرا، هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ باره‌گای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داوایان له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی كرد له‌به‌ر خاتری كورد نیو سه‌عات حكوومه‌ت دوا بخات، ئاماده‌ نه‌بوو و دوای نه‌خست، بۆیه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ هاوكێشه‌كان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه،‌ له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ به ‌ده‌بابه‌ی حكوومه‌ت هێرشیان كرده‌ سه‌رمان له‌ خانه‌قینه‌وه‌ بۆ شنگال گرفته‌كان له‌وه‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، هه‌رچه‌نده‌ پێشووتریش گرفت هه‌بوو به‌س لێره‌وه‌ گرفتی قووڵ ده‌ستی پێ كرد، ئێستا قۆناغێكی نوێ هاتووه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌، یه‌كه‌م جاره‌ له‌ عێراقدا كه‌سێكی به‌ربژێر بۆ سه‌رۆكوه‌زیران له‌ ماوه‌ی 2 هه‌فته‌دا 3 جار بێته‌ كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، چونكه‌ ده‌یانزانی ئه‌گه‌ر سه‌در دژی حكوومه‌ت بووایه‌ له‌ خوارووی عێراق و پارتی له‌ كوردستانه‌وه‌ دژایه‌تیی بكردبایه‌ ته‌مه‌ندرێژ نه‌ده‌بوو، بۆیه‌ ناچار بوو بێنه‌ كوردستان ڕێككه‌وتنێك بكه‌ن.

KDP.info: ڕێككه‌وتن مه‌به‌ستت له‌ كێیه‌؟

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: ڕێككه‌وتنی نێوان سه‌رۆك بارزانی و نووری مالیكی كه‌ سه‌ر كه‌وت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م گرفته‌كاندا، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرنگ بوو بۆ حكوومه‌تی داهاتوو، ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ڕێكه‌وتن بخه‌نه‌ سه‌ر كاغه‌ز، چونكه‌ تا ئێستا هه‌موو شته‌كان به ‌زاره‌كی بوون و ده‌یانزانی به‌بێ هه‌رێمی كوردستان ناتوانن هه‌نگاو بنێنن و به‌بێ كوردستان عێراقیش بوونی نییه‌، عێراق بۆیه‌ عێراقه‌ كوردی تێدایه‌ ده‌نا وه‌ك سعودیه عه‌ره‌بییە،‌ وه‌ك قه‌ته‌ر عه‌ره‌بییه‌ و وه‌ك مه‌غریب عه‌ره‌بییه‌، عێراقیش ناوێكی له‌و بابه‌ته‌ی ده‌بوو، كاتی خۆی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دامه‌زاروه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌شێك له‌ داواكاریی كورد بخاته‌ ناو ئه‌و چوارچێوه‌وه،‌ من ناڵێم هه‌مووی، چونكه‌ كاتێك كورد گرفتی چاره‌سه‌ر ده‌بێت كه‌ سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵام ئه‌م حكوومه‌ته‌ی عێراق پێویستیان به‌ كوردستانه‌.

KDP.info: وا هه‌ست ده‌كرێت كه‌ ئێران و توركیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌مه‌ریكاش فشاریان له‌سه‌ر محه‌مه‌د شیاع سوودانی كردبێت كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ڕێك كه‌وێت، شیاع سوودانی تێگه‌یشتووه‌ له‌وه‌ی له‌ ڕابردوو ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی كوردستانیان كردووه‌ له ‌به‌غداوه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، پێشبینی ده‌كه‌ن سوودانی پابه‌ند بێت به‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ سه‌رۆك بارزانیی داوه‌؟

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: ئه‌گه‌ر پێویستی نه‌بووایه‌ به‌ دوو هه‌فته‌ سێ جار نه‌ده‌هاته‌ كوردستان، له‌و كاته‌ شانده‌كان كه‌ پێك هاتبوون له‌ فالح فه‌یاز و محه‌مه‌د حه‌لبووسی و شیاع سوودانی پێكه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ كوردستان و پێویستیان به‌ ئۆكه‌ی سه‌رۆك بارزانی هه‌بوو، دوای ئۆكه‌یكردن حكوومه‌ت دروست بوو، ڕێككه‌وتنی نووری مالیكی و سه‌رۆك بارزانی چاره‌سه‌ری زۆر گرفتی كرد.

KDP.info: له‌باره‌ی پرسی مادده‌ی 140 تا چه‌ند گرنگه‌ سه‌قفی زه‌مه‌نی دروست بكرێت بۆ نه‌هێلانی ئه‌و گرفتانه‌ی له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌؟

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: سوپای عێراق نه‌ماوه،‌ ئه‌وه‌شی ماوه‌ ده‌بێته‌ حه‌شدی شه‌عبی و ئێستا حه‌شد به‌فه‌رمی له‌ناو دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی عێراقه‌ به‌س ئه‌وه‌ی خه‌ته‌ره‌ له‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ناوی پاسه‌وانی سنوور بێنه‌ سنووری كوردستان و 23 خاڵیان ڕاده‌ست بكرێت ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌ و ده‌بێت به‌وردی لێی بنواڕین.

KDP.info: بابه‌تی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕۆژئاوای كوردستان له‌ ڕۆژه‌ڤدایه‌ و ئیداره‌ی خراپی ڕۆژئاوای كوردستان و ده‌ستوه‌ردانی په‌كه‌كه‌ خه‌ریكه‌ ڕۆژئاوای كوردستانی به‌ره‌و تاریكی بردووه‌ ئه‌م دۆخه‌ پێشبینیكراو بوو؟

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: ئه‌مه‌ریكا له‌دوای 30 ساڵ له‌ ڕووخانی سۆڤیه‌ت له‌ سیاسه‌تكردن له‌ ناوچه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه،‌ نه‌یتوانی پرۆژه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌ بگەیەنێتە ئه‌نجام، بۆیه‌ یه‌مه‌نی ڕاده‌ستی حوسیه‌كان كرد و له‌ سووریا ڕاسته‌ ئه‌مه‌ریکا ماوه،‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا سوریای ته‌سلیمی توركیا كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌فغانستانی ڕاده‌ستی تالیبان كردووه‌ و ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا و یه‌مه‌ن و ئه‌فغانسان و عێراق سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و سه‌دان ملیۆن دۆلار چه‌كی بۆ تالیبان جێ هیشتووه‌ له‌ فه‌له‌ستین و لوبنان و ناوچه‌كه‌ ئاوایه‌ ده‌بینرێت ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌رقاڵی ناوه‌وه‌ی خۆی بێت و هه‌ڵبژاردنیان نزیكه‌ ئه‌گه‌ر حزب و ئیمكانیه‌تیان نه‌بوایە هه‌ردوو حزب نه‌ده‌بوونه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، چونكه‌ شكستیان هێناوه‌ و ئه‌مه‌ریكا به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان گرنگتره‌ له ‌هه‌موو شتێكی دیكه‌.