وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق: 14 هه‌زار كه‌س بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیكراون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئێستا 14 ھەزار کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.

بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە عێراق گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ھەڵمەتێکی فراوانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ دەستگیرکردنیان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە.

خالید موحەنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا، نزیكەی 14 هەزار بازرگان و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر لەو ھەڵمەتەی ھێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون و ھەڵمەتەكەش بەردەوامە.

ھاوكات وەزارەتی تەندروستی عێراق له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا، چارەسەری بۆ چوار ھەزار و 500 بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان كراوە و ئاماژە بەوەشكراوە، زۆربەی بەكارھێنەرەكان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵیدایە.

لە ساڵی 2020 نزیكەی 7 هەزار كەس و لە ساڵی 2021دا 13 ھەزار بازرگان و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر لە عێراق دەستگیرکرابوون، بەڵام ئەمساڵ رێژەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.

بەگوێره‌ی بەدواداچوونەکانی ھێزە ئەمنییەکان، بەسرە زۆرترین بازرگانی ماددەی ھۆشبەر و نەجەف و کەربەلاش زۆرترین بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەری تێدایه‌، ھۆکاری بڵاوبوونه‌وه‌ی بەمشێوە فراوانەی ئێستا، ئاسان دەستکەوتن و گواستنەوەیەتی.

پێشتر عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەردا دەسەپاند، بەڵام لە ساڵی 2017 یاسایەکی دەرکرد کە بەپێی ئەو یاسایە دەتوانن لە ناوەندەکانی چاکسازی چارەسەری بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بکەن، یان سزای 3 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنرێت.