سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق: هه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا له‌سه‌ر پێكهێنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری هاوبه‌ش بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان رێككه‌وتن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (30ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق له ‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداو له‌ كه‌شێكی ئه‌رێنیدا تاووتوێی دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كراوه‌، له‌وانه‌ یاسای نه‌وت و غاز، بودجه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌.

له ‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو شاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی، هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانی كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندكرا.

هه‌روه‌ها له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پێكهێنانی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی هونه‌ری كرده‌وه‌ بۆ زیاتر گفتوگۆكردن و گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنی چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ی له‌نێوان هه‌ردوولادا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كۆبوونه‌وه‌كان له‌رۆژانی داهاتووشدا به‌رده‌وامده‌بن.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی چوار رۆژە لە بەغدایە و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی فیدراڵی ئەنجامداوە.

شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وەزیرانی پلاندانان، سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا، پێکدێت.

شاندی حكومه‌تی عێراقیش له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیرانی پلاندانان، نه‌وت، دارایی، سه‌رۆكانی دیوانی چاودێریی دارایی و ده‌سته‌ی خاڵه‌ گومرگییه‌كان، راوێژكاری ئابووری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی یاسایی‌ ئه‌میندارییه‌تی گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای سۆمۆ پێكدێن.