سلێمان تاشان – ههولێر
ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، یەکێکە لە گرنگترین ئەو ماددانەی کە کاتی خۆی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە کێشە و ناکۆکییە مێژووییەکانی نێوان کورد و عەرەب لە عێراق نووسرا؛ ئەگەر ماددەکە جێبەجێ کرابا، ئەوا دەیتوانی کۆتایی بە کێشەی خاک لە نێوان کورد و عەرەب بێنێت. ئەو ماددەیە کە بەردەوام لەمپەری بۆ دروست کراوە، حکوومەتی سوودانی دووبارە باس لە کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکار دەکرێت بەڵام دیار نییە بە کردەیی جێبەجێی دەکات، یان هاوشێوەی حکوومەتەکانی ڕابردوو پشتگوێی دەخات.
ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک حکوومەتی بەعس ڕووخێنرا، هێزی پێشمەرگە لە ڕووخاندنی ئەو ڕژێمەدا بەشێک بوو لە هاوپەیمانیی ئەمەریکا و توانی ڕۆڵێکی زۆر باش بگێڕێت و هەر زوو هێزە کوردییەکان توانیان کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان ئازاد بکەن. بەڵام ئەو ئازادکردنە کاتیی بوو و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ هاوپەیمانان پاشەکشە بە پێشمەرگە کرا و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە بە یاسا کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی تری کوردستان یەکلایی بکرێنەوە.
ڕێبەرانی گەلی کورد زۆر ماندوو بوون بەوەی لە لایەک حکوومەتێکی فیدراڵی دابمەزرێنن کە مافی هەموو گەلانی عێراق بپارێزێت و لە لایەکی ترەوە، بە یاسا کێشە مێژووییەکانیان لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکەنەوە. بۆ ئەو مەبەستە دەستوور نووسرایەوە و دەنگی پێ درا کە گرنگترینی ماددەی ١٤٠ بوو.
ماددەی ١٤٠ دەستووری هەمیشەیی عێراق پەسند کرا و لە دەستووردا ئەو شێوازە چارەسەرکردنە چەسپێنرا. حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ، لە سەرەتاوە تاڕادەیەک، لە قۆناغی یەکەمی ماددەکە هەندێک هەنگاوی گرنگی نا و دەست بە قەرەبووی زیانلێکەوتووان کرا و هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم درا.
بڕیار بوو لە ماوەیەکی نزیکدا هەر سێ قۆناغی قەرەبوو و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و ئاوارەکان و پاشان ڕیفراندۆم بکرێ، بەڵام کەمتەرخەمی تێدا کرا.
دواجار هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە ساڵی ٢٠٠٧ تێپەڕ نەکات، کەچی لەو ساڵەشدا هیچ نەکرا و پرسی شەڕی تایفی لە پارێزگاکانی عێراق و هەندێک ناکۆکیی ناوخۆیی ناوماڵی عەرەب، ڕێگربوو لە جێبەجێکردنی ماددەکە و عەرەبەکانیش کە دەیانزانی بە جێبەجێکردنی ماددەکە ئەو شارە لەدەست دەدەن، لەمپەریان دروست کرد و بە بیانووی جیاواز جێبەجێکردنی مادەکەیان دواخست.
ئەمە بەشێوەیەکی هەڵواسراو مایەوە، تا لە دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و شکستی سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگە ناوچەکەی پاراست و بەخوێنی خۆی بەرگری لە ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە کرد. لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ هەرێمی کوردستان خۆی ویستی بە ڕیفراندۆم کێشەی خاک یەکلایی بکاتەوە و ڕیفراندۆمەکەش سەرکەوت و نزیکەی ٩٣% دەنگیان بەوە دا ببن بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان، ئەمجارەش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری بەسەردا هات و دووبارە ناوچەکە کەوتەوە دەستی بەغدا.
بەو پێیە، دوای ١٩ ساڵ لە دامەزراندنی عێراقی فیدراڵ، هێشتا نەتوانراوە ماددەیەکی دەستووری جێبەجێ بکرێت و بۆیەش لە کاتی چوونی شاندەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دانوستان لەگەڵ حکوومەتە نوێیەکانی عێراق هەموو جارێک باس لە پرسی ماددەی ١٤٠ دەکرێتەوە هەر چەندە هەندێک لە شۆڤێنییە عەرەبەکان حەزناکەن ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت بە ماوە بەسەرچووی لە قەڵەم دەدەن.
لە کابینەی محەمەد شیاع سوودانیدا، وەزارەتی داد بە کورد دراوە و لە یەکەم هەنگاوی وەزارەتەکە کە خالید شوانی وەزیرییەتی، باس لە جێبەجێکردنی مادەکە دەکرێت. بەگوێرەی میدڵ ئیست نیوز، شوانی، بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە کە ئەوان لیژنەیەکی باڵایان پێک هێناوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
یەکێک لەو خاڵانەی لە دامەزاندنی حکوومەتی نوێی عێراق لەسەری ڕێککەوتوون ئەوە بووە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ئەو لیژنەیەش کە داندرابوو بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پەک خراوە، دووبارە چالاک بکرێتەوە. جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140 وای کردووە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بەعەرەبکردن لەو ناوچانە پەرە بستێنێت.
بڕیار بووە دوو مانگ پاش دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراق، لیژنەکە دابمەزرێت و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دەست بە چالاکییەکانی خۆی بکات.. بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی گرنگ نابینرێت و مەترسی ئەوە هەیە حکوومەتی نوێی عێراقیش هاوشێوەی حکوومەتەکانی ڕابردوو، بە بیانووی جیاواز، لەمپەر بخاتە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140.