محمد لادێ – ههولێر
لافاو، رووداوێکی هەرە باوی سروشتییە و لە زۆربەی وڵات و ناوچەكانی دنیادا هەڵدەسێت، بەتایبەت لە وەرزی باراندا؛ لە دنیای پێشكەوتوودا نامیلكەی تایبەت بە چۆنێتیی خۆپاراستن چاپ دەكرێت، میدیاكان زۆر بە وردی لەسەری دەوەستن و رێنوێنی زانستیی خۆپاراستن لە ئەنجام و لێكەتەكانی لافاو پەخش دەكەنەوە.
لە ئانوساتێکدا لە کاتی بارانی بەخور، بۆی هەیە لافاو هەڵسێت، بۆیە هەموو کەسێک دەبێت خۆی بۆ ئامادە بکات و هەموو رێکارە سەرەکییەکانی خۆپاراستنی لێ بگرێتە بەر. لەو چەند ساڵانەی کۆتایی چەندین جار لافاو هەڵساوە و خەڵک بووەتە قوربانی، بۆ ئەوەی گیانمان پارێزراو بێت چەند رێنماییەک هەیە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت:
- ئەگەر ماڵەکەت لە شوێنێکی گونجاودایە و بڵندە ئەوە مەترسیی لافاوی لەسەر نییە و پێویست ناکات چۆڵی بکەیت، بەڵام ئەگەر ماڵەکەت لە شوێنی نەوی و مەترسیلەسەردایە، ئەگەری هەیە بەر لافاو بکەوێت و، لە کاتی مەترسیدا دەبێ چۆڵی کەیت.
پاکكردنەوەی گونجە (مەنهۆڵ)ـی ناو ماڵ لە زیخ و بەرد قوڕ و زووخ و کەمێڵە؛ هەروەها لابردنی سەر گونجەکان لە سەربان و حەوشە تاکو ئاو بە ڕێژەیەکی زیاتر بڕوات. - پاککردنەوەی سەربان و حەوشە لە گەڵا و عەلاگە و مقەبا تا لە کاتی باراندا نەچنە بەردەم مەنهۆڵ و گونجەکان.
- ئاوکوڵێنک (گیزەر) یاخود هەر ئامێرێكی تری کارەبایی کە پێت وایە بە ئاسانی بەر لافاو دەکەوێت، لە شوێنێکی بەرزدا دایمەرزێنە.
- کە دیتت لافاو هەڵستاوە، دەسبەجێ سەعاتی کارەبا و سەعاتی ئاوی ماڵەکەت ببڕە چونکە ئەگەری روودانی تەقینەوە یا گڕگرتن لە کاتی لافاودا زۆرە.
- ئەو ماڵانەی ساڵانە ئاو و لافاو دەیانگرێ و هیچ ئامادەسازیەکیشیان لەم ڕێنماییانە نەکردووە بۆ خۆپاراستن، نابێ کەلوپەلی کارەبایی و بەنرخ و ئاڵتون و پارە لە جێگەی نزمدا دابنێن، با زەرەروو زیان کەمتر بێت.
باشتر وایە هەمیشە ماڵەوە جزمە و سەربەرگ (پۆشاكی بەرباران)یان پۆشاکی ئاونەدڵێن (واتە ئەو پۆشاکانەی ئاو دانادات)ـی لێ بێت، بۆ خۆت و منداڵەكانت. - هەموو بەڵگەنامەکانت یاخود ئەو بەڵگانەی کە بەنرخن بەجیا لە شوێنێکی تایبەت (دژەئاو) یان زۆر بەرز یان ئەگەر خانووەكەت لە قاتێك زیاتر بوو لە قاتەكانی سەرەوە بپارێزە، با ئاو زفەریان پێ نەبات.
- هەوڵ بدە پێشوەختە، واتە پێش هەستانی لافاو، چەند دانە مۆم و لایت و ئامێرۆکەی رۆشنكەرەوە ئامادە بکەیت، ئەگەر لایتەكەت شەحن بوو، پێشتر فوول شەحنی بكە.
- چاودێریكردنی زانیارییەكانی كەشناسی و وەرگرتنی ژمارەی گروپ یا ئاژانسی لافاو.