پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگ له‌سه‌ر به‌ركاركردنی یاسای واژۆی ئەلیكتڕۆنی و مامەڵە ئەلیكتڕۆنییەكان ده‌دات

وابڕیاره‌ له‌ دانیشتنی ئاسایی رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگ له‌سه‌ر چه‌ند پێشنیاز و پڕۆژەیاسایه‌ك بدات، له‌وانه‌ش پێشنیازه‌یاسای یاسای واژۆی ئەلیكتڕۆنی و مامەڵە ئەلیكتڕۆنییەكان.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (27ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رنامه‌ی كاری دانیشتی رۆژی سێشه‌ممه‌ (29ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022) راگه‌یاند كه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر چوار پڕۆژه‌یاسا و پێشنیازه‌یاسا ده‌درێت و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میش بۆ پڕۆژه‌یاسایه‌ك ده‌كرێت.

به‌ گوێره‌ی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (14)ی ئاسایی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، رۆژی سێشممه‌، ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ردوو پێشنیازه‌یاسای پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان-عێراق و بەركاركردنی یاسای فیدڕاڵیی واژۆی ئەلیكتڕۆنی و مامەڵە ئەلیكتڕۆنییەكان ژمارە 78ـی ساڵی 2012 ده‌درێت.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ردوو پڕۆژه‌یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقاف، ژمارە 64ـی ساڵی 1966ـی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق و هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە 14ـی ساڵی 2008، ده‌درێت.

له‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وشه‌كراوه‌، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای كار لە هەرێمی كوردستان ده‌كرێت.