پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

قه‌ڵای هه‌ولێر .. لانكه‌ی شارستانییه‌ت و پێكه‌وه‌ژیان

یه‌كێك له‌ شوێنه‌وارییه‌ مێژوویه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، قه‌ڵای هه‌ولێره‌ و به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان، ژیان له‌م قه‌ڵایه‌ بۆ پێش له‌ ٦ هه‌زار ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 ڕووبه‌ری قه‌ڵای هه‌ولێر ١١٠ هه‌زار  مه‌تر  دووجایه‌، ئه‌م قه‌ڵایه‌ ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌واری گرنگه‌ و ده‌یان شوێن له‌ ناو قه‌ڵا دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ مێژووی به‌رده‌وامی ژیانیان له‌و قه‌ڵایه‌ سه‌لماندووه.‌ شوورایه‌ك له‌ قه‌ڵا هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ و پارچه‌ شوێنه‌وارییانه‌ی له‌ قه‌ڵات دۆزراونه‌ته‌وه‌ و مێژووه‌كه‌ی بۆ سێ هه‌زار ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ قه‌ڵای هه‌ولێر په‌رستگای عه‌شتار و ده‌یان هێما هه‌ن كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن هه‌زاران ساڵه‌ قه‌ڵای هه‌ولێر لانكه‌ی ژیانی شارستانیه‌ت .

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر

 قه‌ڵای هه‌ولێر له‌ حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠١٤ له‌لایه‌ن ڕێکخراوی یونیسكۆی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ لیستی كه‌له‌پووری جیهان داندرا، پێشتریش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو ڕه‌سه‌نایه‌تی و پارێزگاریكردن له‌ پێگه‌ی مێژووی قه‌ڵا له‌ ساڵی ٢٠٠٧ ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵا كردبوو.

 به‌فرین عه‌بدولقادر، ئه‌ندازیاری سه‌رپه‌رشتیار له‌ كۆمسیۆنی باڵای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵا بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:”دواى دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی باڵای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێر، له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا نۆژه‌نكردنه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، له‌ناو قه‌ڵا زیاتر له‌ ٥٠٠ خانوو هه‌ن‌ و نزیكه‌ی ٣٢٠ خانوو به‌هایان هه‌یه‌. یونیسكۆ له‌ ڕووی ته‌كنیكییەوە پاڵپشتی ئێمه‌ ده‌كات واتا هه‌ر زانیارییه‌ك و سه‌پۆرتێك و ڕاوێژێكمان پێویست بێت له‌ یونیسكۆوه‌ وه‌ریده‌گرین، هه‌روه‌ها چاودێری كاره‌كانمان ده‌كه‌ن تا بزانن گه‌یشتووینه‌ته‌ چ قۆناغێك، و پێویسته‌ ساڵانه‌ ڕاپۆرتیان بۆ بنێرین و له‌ كاره‌كانمان ئاگاداریان بكه‌ینه‌وه‌، له‌ قه‌ڵای هه‌ولێر  جگه‌ له‌ خانووه‌كان ده‌یان شوێنی وه‌كو مزگه‌ت و ئه‌رشیفخانه‌ و حه‌مام و  باڵه‌خانه‌ گشتییه‌كانی تێدایه‌، ساڵانه‌ زیاتر له‌ ١٠٠ هه‌زار كه‌س سه‌ردانی ئه‌م شوێنه‌ ده‌كه‌ن و ئاشنای مێژووی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی قه‌ڵات ده‌بن.”